ڕۆژئاوای کوردستان: پابەندی بڕیارەکانی حکومەتی نوێی دیمەشق نابین

2025-03-30  186 جار خوێنراوەتەوە

لەدوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی سووریا، رێڤەبەری خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەوان پابەندی ئەو بڕیارانە نابن کە لە حکومەتی سووریاوە دەردەچن. رەخنە لە حکومەتەکەش دەگرێت و دەڵێت: "تاڕادەیەک وەک حکومەتەکەی پێشووترە."
 
رۆژی 29ـی ئادار کابینەی نوێی حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع راگەیێندرا. رێڤەبەری خۆسەر ناڕەزایی لەوبارەیەوە دەربڕی و لە راگەیێندراوێکدا باس لەوە دەکات کە "هیوای سوریاییەکان ئەوە بوو حکومەتێکی گشتگیر دابمەزرێت. بەڵام حکومەتی دیمەشق رەچاوی فرەیی لە سوریادا نەکردووە."
 
شەوی شەممە لە کۆشکی شەعب لە دیمەشق ناوی وەزیرەکانی حکومەتە نوێیەکەی شەرع خوێندرایەوە، کورد لەنێو حکومەتە نوێیەکەدا جێیان نییە، ئەگەریش هەبێت، لەسەر ئاستی تاکەکە کەسییە. بۆیە ئەنەکەسە و پەیەدە و پارتەکانی دیکە، بایکۆتی حکومەتیان کردووە.
 
رێڤەبەری خۆسەر لەبارەی حکومەتەکەوە دەڵێت: "ئەو سیاسەتانەی حکومەتی دیمەشق سوورە لەسەر ئەنجامدانیان، ئێمە دەگەڕێنێتەوە بۆ تاکڕۆیی لایەنێک لە دەسەڵاتدا و دوورخستنەوەی پێکهاتە و ئاراستەکانی سووریا." هەروەها باس لەوەش دەکات: "حکومەتێک فرەیی لەبەرچاو نەگرێت، قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیاندا هاتووە، کە پابەندی بڕیارەکانی حکومەتی نوێی سووریا نابن، "هیچ پەیوەندییەکمان بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەوە نییە کە لەو حکومەتەوە دێن."
 
خۆسەرلە پەیامەکەیاندا دەڵێن، سووربوون لەسەر دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی پێشووتر زیان بە سووریاییەکان دەگەیێنێت.


رێڤەبەری خۆسەر داوا دەکات دەست لە سیاسەتی پشتگوێخستن هەڵبگیرێت و رایگەیاندووە، پێویستە هەموو لایەک رووبکەن لە ئامێزگرتنی 
هەموو گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانەوە.
 
هەروەها ئەنەکەسە ناڕەزایی لەبەرامبەر حکومەتەکەی شەرع دەربڕی و رایگەیاند: "ئێمە، نابینە بەشێک لە حکومەتێک کە مافەکانی گەلەکەمان بە فەرمی ناناسێت."
 
ئەو حکومەتەی بە سەرۆکایەتیی شەرع لە دیمەشق پێکهێنراوە ناوی وەزیرەکان و پۆستەکانیان بەمجۆرەن: 
 
- ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆ
- نیزال شەعار، وەزیری ئابووری
- رائید ساڵح، وەزیری بەهانەوەچوون و کارەساتەکان
- هند قەبەوات، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی
- مەروان حەلەبی، وەزیری خوێندنی باڵا
- عەبدولسەلام هەیکەل، وەزیری گەیاندن
- ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە
- مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری
- حەمزە موستەفا، وەزیری راگەیاندن
- محەممەد ساڵح، وەزیری رۆشنبیری
- موسعەب عەلی، وەزیری تەندروستی
- ئەمجەد بەدر، وەزیری کشتوکاڵ
- محەممەد ئەبوو خەیر، وەزیری ئەوقاف
- مەزهەر ئەلوەیس، وەزیری داد
- محەممەد بەشیر، وەزیری وزە
- محەممەد یەسر بەرنیە، وەزیری دارایی
- عەلی کیدە، ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیران
 
یەکێک لە وەزیرەکانی حکومەتی دیمەشق کوردە و ناوی محەممەد عەبدولڕەحمان تورکۆ ـیە، لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە پۆستی وەزیری پەروەردەی لە کابینەی نوێی حکومەتی سووریا پێدرا.
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە