لێدوانی مەسعود میرال لەبارەی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی عێراق
2025-04-01
108 جار خوێنراوەتەوە
مەسعود میرال، راهێنەری یانەی دهۆک دەڵێت "کەس ناتوانێت راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی عێراق رەتبکاتەوە و هەڵبژاردەکە توانای ئەوەی هەیە لە کۆریای باشوور و ئوردن بباتەوە و بگاتە مۆندیال."
دوای دوورخستنەوەی خیسۆس کاساس، لە راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی عێراق یەکێک لەو راهێنەرانەی ناویان لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق دەهێنرێت، مەسعود میرال، راهێنەری یانەی دهۆکە، راهێنەرە کوردەکەش لەو بارەیە دەڵێت "هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر کوێت و فەڵەستین رۆحی جەنگایەتی و خێرایی لەدەستدا، بەڵام هەڵبژاردەکە خاوەنی یاریزانی زۆرباشە و توانایەکی زۆر گەورەی هەیە بۆ ئەوەی زیاتر بچێتە پێشەوە، کەس ناتوانێت راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەکە رەتبکاتەوە و پێموایە هەڵبژاردەکە دەتوانێت بگاتە مۆندیال."
راهێنەری یانەی دهۆک زیاتر وتی "خولی عێراق یاریزانی زۆر ئاستبەرزی تێدایە، لە رووی جەستەییە و دەکرێت هەر راهێنەرێک بێتە ئێرە و سەرکەوتوو بێت، لە ماوەی داهاتووشدا خولی عێراق رکابەرایەتیی خولە گەورەکانی ئاسیا دەکات، بۆیە پێویستە گرنگی بە ژێرخانی وەرزشی بدەن، بەتایبەت لە یاریگەی راهێنان و گونجاو نییە 200 جار بەسەریەکەوە لەسەر یەک یاریگە مەشق بکەیت."
مەسعود میرال دەڵێت "بەشێک لە یاریزانەکان لە خولی عێراقدا رێکخراو و پابەندنین، ئەمە شتێکە کاریگەری لە ئاستی تیپەکان دەکات، بۆیە پێویستە کاری زیاتر بکرێت، من هیچ دوودڵ نەبووم بۆ ئەوەی راهێنەرایەتیی یانەی دهۆک وەربگرم، لێرە هەندێک منداڵم دۆزییەوە کە خەونی گەورەیان هەیە بۆ ئەوەی بگەنە لووتکە، پێش هاتنم بۆ ئێرە رێگەیەکی تەواوم پێیانداوە و لە کۆتایی وەرزدا ئەنجامەکانی دەبینن، بۆ ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو بچینە پێشەوە."
لەبارەی هاندەرانەوە راهێنەری یانەی دهۆک دەڵێت "ئامادەبوونی هاندەران لە یاریگەکاندا لە عێراق زۆر سەرنجڕاکێشە و پێویستە شانازیی پێوەبکەن، لە یاریی عێراق و کوێت 60 هەزار هاندەر ئامادەبوون، ئەوەی لە عێراق دەیبینم پێشتر نەمبینیووە و بۆ من شتێکی بێوێنەیە."
راهێنەرە کوردەکەی زیاتر قسەیکردووە و لەبارەی رکابەریکردنی یانەی دهۆک لەسەر نازناوی خولی عێراق گوتی "یاریزانە پیشەگەرەکانی دهۆک زۆر هاوکاریم دەکەن، چونکە ئەوان زیاتر لە یاریزانە ناوخۆییەکان پێشکەوتوون، ئێمە رکابەرین، بەڵام پارێزگاریکردن لەم ئاستە بەشێوەیەکی بەردەوام زەحمەتە، پێویستە زیاتر کاربکەین بۆ ئەوەی لەسەر پێشکەوتن بەردەوامبین و بتوانین دەستکەوتی داواکراو بەدەستبهێنین."
مەسعود میرال لەبارەی بەشێکی یاریزانەکانی هەڵبژاردەی عێراقەوە دەڵێت "من منداڵم نییە، پێشتر مەشقم بە هەریەکە لە ئەمیر عەماری، رێبین سولاقا، مونتەزر ماجد و دانیلۆ سەعید داوە و ئێستا دڵخۆشم لە هەڵبژاردەی عێراق دەیانبینم، چونکە ئەوان وەکو کوڕی منن، لە منداڵییەوە پیتەر گۆرگیس دەناسم، ئەو کەسێکی شەرمن و یاریزانێکی گەورەیە و بۆ من ئەو کلیلی یاریی دهۆکە."
میرال وتی "هەندێک یاریزان لە هەڵبژاردەی عێراق سەرسامم دەکەن، موهەنەد جەعاز، زیدان ئیقبال، ئەمیر عەماری و ئیبراهیم بایش، لێدانە سەرەکانی ئەیمەن حوسێنیش، ئۆلیڤەر بێرهۆڤم بەبیر دەهێننەوە، هەروەها لە هەڵبژاردەکەدا هەندێک یاریزان هەلی ئەوەیان هەیە زیاتر پێشبکەون، لەوانە عەلی جاسم و ئاموری فەیسەڵ، کە دەکرێت ئێستا لە تەمەنی خۆیاندا باشترین بن.
|