عەلی زەیدی بۆ مەسرور بارزانی: ئەم هێرشانە جێگەی قبووڵ نین

1     کاتژمێر پێش ئێستا  27 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، "ئەم هێرشانە بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین".

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ سێشەمممە 18-08-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵەوە پێگەیشت.

بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەت، لە پەیوەندییەکەدا، عەلی زەیدی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکومەت و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن کرد و گوتی، "ئەم هێرشانە بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین".

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مەسرور بارزانی "سوپاس"ی پەیوەندی و بەدواداچوونی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی کرد و جەختی لە "گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان" کردەوە.
 
بەگوێرەی دژە تیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە "لە سنووری ئێرانەوە" ئاراستە کرابوون، نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنیان لە پیرمام لە پارێزگای هەولێر کردە ئامانج.

عەلی زەیدی شەوی دووشەممە بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە پێکبهێنرێت و شوێنی هێرشەکە و ئەنجامدەرانی بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە