قالیباف سەردانی عێراق دەکات

1     کاتژمێر پێش ئێستا  17 جار خوێنراوەتەوە

میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە و دوایین  گۆڕانکارییەکان، سبەی چوارشەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای پەرلەمان، سەردانی عێراق دەکات.

ئاژانسی فەرمی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بە مەبەستی "گفتوگۆکردن لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بەهێزکردنی هاوکارییە ستراتیژییەکانی تاران و بەغدا و تاوتوێکردنی رێگەچارە هاوبەشەکان بۆ یارمەتیدانی چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایش لە رۆژئاوای ئاسیا، رۆژی چوارشەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای پەرلەمانی سەردانی عێراق دەکات."

بەپێی ئاژانسەکە، قالیباف لەم سەردانەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و کەسایەتییە دیارەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە "پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ئاسایشی سنوورەکان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، گەشەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان و جێبەجێکردنی رێککەوتنە هاوبەشەکان" لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی قالیباف لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەبن.

سەردانەکەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ عێراق لە کاتێکدایە، ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەرێت، یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران شکستی هێناوە و ئێران هەڕەشەی وەڵامی سەربازی دەکات ئەگەر ئەمریکا گەمارۆی دەریایی سەر وڵاتەکەی لانەبات.

حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، هەوڵدەدات خۆی لەم شەڕە بەدوور بگرێت. هەروەها پلان دادەنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و داماڵینی هێزە چەکدارە نافەرمییەکان تاوەکو کۆتایی مانگی داهاتوو، کە بەشێکیان بە هاوپەیمانی ئێران دادەنرێن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە