بارەگای بارزانی: ئەم جۆرە هێرشە ناڕەوایانە هیچ بیانوویەک هەڵناگرن
1 کاتژمێر پێش ئێستا
41 جار خوێنراوەتەوە
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکات کە کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن و دەڵێ، ئەم جۆرە هێرشە ناڕەوایانە هیچ بیانوویەک هەڵناگرن.
بارەگای بارزانی راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکە بڵاوکردەوە و دەڵێ: "زۆر بە تووندی ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنییە دەکەین کە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە لەودیو سنووری ئێرانەوە کرایە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران و شوێنی حەوانەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، جەخت لە بێلایەنیی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە لە ململانێکانی ناوچەکە و ئاماژە بەوە کراوە: "هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک بەشێک نەبووە لەم شەڕ و گرژییانەی لە ناوچەکەدا هەیە، ئەم جۆرە هێرشە ناڕەوایانە کە هیچ بیانوویەک هەڵناگرن، هەوڵدانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان."
لە کۆتاییدا بارەگای بارزانی هۆشداری دەدات و دووپاتی دەکاتەوە کە: "بە دڵنیاییەوە بەکارهێنانی درۆن و مووشەک چارەسەری کێشەکان ناکات."
|