باندێکی 21 کەسی لە نزیک پاڵاوگەی بێجی دەستگیرکران
1 کاتژمێر پێش ئێستا
261 جار خوێنراوەتەوە
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، توانیویانە باندێکی 21 کەسی لە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیربکەن کە بە نایاسایی پارەیان لە شۆفێری تانکەرەکان لە نزیک پاڵاوگەکانی بێجی و سینییە وەردەگرت. لە پرۆسەکەدا دەست بەسەر زیاتر لە 87 ملیۆن دیناردا گیراوە.
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای وەرگرتنی زانیاریی ورد، تیمەکانیان لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سەلاحەدین دوو ئۆپەراسیۆنیان کردووە بۆ ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی بەبێ مۆڵەتی فەرمی، گۆڕەپانی وەستانی تانکەرەکانیان لە نزیک هەردوو پاڵاوگەی بێجی و سینییە بەڕێوەدەبرد.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو باندە لەبەرامبەر رێگەدان بە وەستانی تانکەرەکان، بڕە پارەیەکیان لە شۆفێرەکان وەردەگرت بەبێ ئەوەی هیچ گرێبەستێکی فەرمییان لەگەڵ دەوڵەتدا هەبێت یان خاوەنی ئەو زەوییانە بن کە بۆ گۆڕەپان بەکاریان دەهێنا. هەر شۆفێرێکیش ئامادە نەبووایە پارەکە بدات، رێگرییان لێ دەکرد بچێتە نێو پاڵاوگەکەوە.
دەستەی دەستپاکی دەڵێت، لەم دوو ئۆپەراسیۆنەدا، تیمەکانیان توانیویانە 21 تۆمەتبار دەستگیربکەن و دەست بەسەر 87 ملیۆن دینار و کۆمەڵێک مۆر، تۆمار و پسوولەدا بگرن کە بۆ وەرگرتنی پارە بەکاریان هێناوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرجەم تۆمەتبارەکان و کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکان رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی سەلاحەدین کراون کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی. دادوەر بڕیاریداوە بە راگرتنی سەرجەم تۆمەتبارەکان تاوەکو تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان.
|