حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی لێخۆشبوونی دەرکرد
1 کاتژمێر پێش ئێستا
167 جار خوێنراوەتەوە
حکومەتی هەرێم بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی گەنمی جووتیاران هەناردەی دەرەوە دەکەن و بڕیارەکەش تەنیا بۆ ماوەی یەک مانگ کاری پێ دەکرێت.
بە گوێرەی نووسراوێکی فەرمیی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 2054 کە رۆژی یەکشەممە، 16ی ئابی 2026 دەرچووە و واژووی د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی لەسەرە، ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ کراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارێکی نوێ.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، لەسەر راسپاردەی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەبێت کاری پێویست ئەنجام بدرێت بە مەبەستی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکەن.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا روون کراوەتەوە ئەم لێخۆشبوونە گومرگییە تەنیا بۆ ماوەی یەک مانگ دەبێت و وێنەیەکیش لە بڕیارەکە ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی کراوە بۆ ئاگاداری و کاری پێویست.
ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئاسانکارییەکی باش بۆ خێرا ساخکردنەوەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
بۆ وەرزی ئەمساڵ، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاریدا تەنیا 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی کورد وەربگرێت، ئەمەش کەمترە لە ساڵانی پێشوو. بەهۆی زۆریی بەرهەمی ئەمساڵەوە، بەشێکی زۆری گەنم لە دەرەوەی سایلۆکان و لە گۆڕەپانەکاندا ماوەتەوە، ئەمەش مەترسیی خراپبوونی لێ دەکرێت بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە.
|