یەکێتی لە یادی 50 ساڵەی دامەزراندنیدا: سەروەریمان زۆر و ئەرکمان زۆرترە
2025-05-31
505 جار خوێنراوەتەوە
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی 50 ساڵەی دامەزراندنیدا کە بە "یۆبیلی زێڕین" ناوی دەبات، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "سەروەریمان زۆرە و ئەرکمان زۆرتر."
لە بەشێکی پەیامەکەی یەکێتیدا هاتووە، ئەمڕؤ "لە هەلومەرجێکی نوێباودا یادی یۆبیلی زێڕین دەکەینەوە، کوردستان و یەکێتییەکەی، عێراق و ئەزموونەکەی ئەرک و فرمانی تازەیان لەسەر شانە و پێویستە لەگەڵ خۆشی و شانازیی یادەکەدا هەموومان بۆ ئەرکەکانی نوێی خەباتی سیاسی ئامادە بین."
هەروەها دەشڵێت، دەبێت "خۆمان مشتوماڵ بکەینەوە و لە سایەی یەکێتییەکی پتەوتر، یەکڕیزتر و تۆکمەتردا وەڵامی ئەرکەکانی قۆناخ بدەینەوە، هەڤاڵانی دێرین و ئێستامانی بۆ ساز بدەین و گەلەکەمانی بۆ جۆش بدەین، کچان و کوڕانی نەوەکانی تازەی کوردەواری بهێنینە پای ئەم خەباتە ستراتیژییە، کە هێشتا زۆری ماوە بگاتە دوا مەنزڵی (ئاشتی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین)."
دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ یادی 50 ساڵەی دامەزراندنی:
پەیامی مەکتەبی سیاسیی
بۆ یادی یۆبیلی زێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەروەریمان زۆرە و ئەرکمان زۆرتر
کەسوکاری سەرفرازی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەکان و هەڤاڵانی یەکێتیی
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
یادی پەنجا ساڵەی دەستپێکی خەباتی یەکێتییەکەتان، لە هەمووتان و لە هەموومان پیرۆز بێت.
پەنجا ساڵ پێشتر ، ساڵی ١٩٧٥، حزبی شەهیدان، بە دەستپێشخەری سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵەکانی لە دەستەی دامەزرێنەر جاڕی تێکۆشانێکی درێژخایانیان بۆ رزگاری و بۆ مافەکانی گەلی کوردستان دا، کەمتر لە ساڵێکیش دوای ئەوە ، لە ١-٦-١٩٧٦دا بڵێسەی شۆرشی نوێ هەموو شاخ و دەشت و دۆڵی وڵاتەکەمانی گرتەوە.
لەم کاروانە زێڕینەدا هەزاران شەهیدی سەرکردە و فەرماندە و پێشمەرگەی ئازا و بەجەرگ ، سەدان نەبەردی پێشمەرگانە و موقاوەمەی زیندان و سێدارە و چالاکی رێکخستن و خۆپیشاندان و مانگرتن، تێکڕایان بوونە ناونیشان و رەمزی قۆناغێکی نوێی بەرخۆدانی کوردایەتی و دیموکراتی بە ناوەرۆکێکی پێشکەوتنخوازی کۆمەڵایەتییەوە. وێستگەکانی تێکۆشانی یەکێتیی کە هیوا و ئاواتی میللەتەکەمانی زیندووکردەوە ، لەهەموو ئاست و بوارەکانی سیاسەتدا نوێ و دەگمەن و بێ وێنەبوو، تێکۆشانی ژنان و پیاوان، کچان و کوڕانی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان وا کۆمەڵانی خەڵکی جۆشدایەوە کە کوردستان بە کردەوە بووە گۆڕەپانی جوڵانەوەیەکی هەمەلایەنەی سیاسیی، پێشمەرگایەتی ، روناکبیری ، ئیعلامی و جەماوەریش . لە ماوەیەکی کورتدا، سەرەڕای ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ، وێڕای خۆخۆری و سەرکوت و ستەمی رژێمی بەعسی داگیرکەر ، توانی ویستی میللەتەکەمان بۆ ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە راپەڕینی سەرتاسەریدا سەربخا و بۆ یەکەمین جار لە ژیانی تێکۆشەراندا ئاواتەکانی رزگاری و دیموکراسیی و حوکمڕانی خۆبەخۆ و خۆمانی بە دیبێت .سەرەنجام لە سایەی قوربانی و رەنج و هیلاکی یەکێتییەکەتاندا ئەزموونی دیموکراسیی لە هەرێمی کوردستان بەسەر هەموو تەنگژە و دژوارییەکاندا زاڵبوو و کاروانی سەرکەوتووی خۆی گەیاندە قۆناغی روخانی رژێمی دیکتاتۆری و ئاواکردنی عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسیی و ئاوەدانکرنەوەی وڵات بە ئازادی کەرکوک و خانەقین و تێکڕای ناوچە دابڕاوەکانیشەوە کە نەخشەرێگای دەستووری لە ماددەی ١٤٠دا بۆ دانراوە دوای دەیان ساڵ لە داڕزان و داکەوتن، تەعریب و تەبعیس و ئینجا تیرۆر و تەرهیبیش کە بەسەر میللەتەکەماندا هێنرا.
هەر لە قۆناغی پرۆسەی دیموکراسی و دەستوریشدا سەرۆک مام جەلال، دامەزرێنەر و سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ، رابەر و پێشمەرگەی دیموکراتخواز بووە یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی جێی متمانەی گەل و سەمام ئەمانی عێراقی فرە نەتەوە و فرە مەزهەب و فرە کێشە و لە ئەزموونی سەرۆکایەتی خۆیدا نموونەی جاویدان و مەزنی لەسەر لێوەشاوەیی تێکۆشەری یەکێتیی و لەخۆبوردوویی حزبی شەهیدان پێشکەشی کوردستان و گەلانی عیراقیش کرد کە بۆ هەتا هەتایە شانازییە بۆ میللەتەکەمان لە ئاستی دونیادا.
هەڤاڵان و کۆمەڵانی خەڵکی جوامێر و بەوەفای کوردەواری کە هێزی لە بن نەهاتووی یەکێتیی و کوردایەتیین، لەم رێڕەوە پەنجا ساڵییەدا یەکێتیی هەمیشە ئاوێتەی رەنج و قوربانی، ئازار و هیواکانی جەماوەر بووە. لێی دوور نەکەوتۆتەوە و لێی جیانەبۆتەوە، هەر لەبەر ئەوەش یاد و یادگارەکانی ، شەهید و قوربانییەکانی دەیان ساڵەی بۆنە و سەروەری نەتەوەیی و نیشتمانین و کۆمەڵانی خەڵکی خۆیان لەگەڵ یەکێتی خاوەندارێتی لێ دەکەن و پێی شاد و سەربەرزن.
جا ئەمرۆش کە لەهەلومەرجێکی نوێباودا یادی یۆبێلی زێڕین دەکەینەوە، کوردستان و یەکێتییەکەی ، عێراق و ئەزموونەکەی ئەرک و فرمانی تازەیان لەسەر شانە و پێویستە لەگەڵ خۆشی و شانازی یادەکەدا هەموومان بۆ ئەرکەکانی نوێی خەباتی سیاسیی ئامادە بین ، خۆمان مشتوماڵ بکەینەوە و لەسایەی یەکێتییەکی پتەوتر ، یەکریزتر و تۆکمەتردا وەڵامی ئەرکەکانی قۆناغ بدەینەوە ، هەڤاڵانی دێرین و ئێستامانی بۆ ساز بدەین و گەلەکەمانی بۆ جۆشبدەین، کچان و کوڕانی نەوەکانی تازەی کوردەواری بهێنینە پای ئەم خەباتە ستراتیژییە کە هێشتا زۆری ماوە بگاتە دوا مەنزڵی ( ئاشتی، دیموکراسی ، مافی مرۆڤ و چارەی خۆنووسین).
سڵاو و درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کاروانی پەنجا ساڵە و تێکرای شەهیدانی کوردستان و عێراق.
سڵاو لە خەباتگێڕانی دێرینی هەموو قۆناغ و سەردەمەکان کە یەکێتییان کردە ئەم تەلارە بەرز و بڵندەی سەرتاسەری کوردستان.
بەڵێنی ئەمڕۆی یەکێتیش بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ بافل جەلال تاڵەبانی هەر ئەوەیە کە ئەمانەتی حزبی شەهیدان دەپارێزین و ئاڵای سەوزەکەی بە شەکاوەیی دەمێنێتەوە.
پێکەوە ئەم ئەرکە بەدیدێنین و پێکەوەش دەیکەینە خەڵاتی شایستە بۆ کورد و کوردستان.
لە یادی یۆبیلی زێریندا وەک مامی گەورەمان دەیوت ( ئێوەش هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن)
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
|