پەیامی نوێی مەسعود بارزانی بۆ دەسەڵاتدارانی بەغدا
2025-06-01
97 جار خوێنراوەتەوە
مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندی سەرۆك هۆز، شیوخ، كەسایەتی و ریشسپییە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا کرد و رایگەیاند، "تەنیا رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، پابەندبوونی هەموو لایەکە بە بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان لە چوارچێوەی دەستووردا."
رۆژی یەكشەممە لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندی سەرۆك هۆز، شیوخ، كەسایەتی و ریشسپییە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا كرد. سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە مێژووی کێشەکانی نێوان گەلی کوردستان و حکومەتەکانی عێراق کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە، "جێی شانازییە، ناکۆکیی نێوان گەلی کوردستان و حکومەتەکانی عێراق هیچ کاتێک نەبووەتە هۆی ناکۆکیی نێوان گەلانی عێراق."
بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، مەسعود بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە، "عێراقی دوای 2003 لەسەر بنەمای هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان و لە چوارچێوەی دەستووردا دامەزراوە و تەنیا رێگەی چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق پابەندبوونی هەموو لایەكە بەو بنەمایانە."
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "شاندی میوان سوپاسی گەلی كوردستان و هەڵوێستی سەرۆك بارزانی-یان كرد كە لە رۆژانی تەنگانە و لە شەڕی تیرۆریستاندا، میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەی عێراقیان لە پارێزگای نەینەوا و پارێزگاكانی دیکەی عێراق كردووە. سوپاسی قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشیان كرد كە بەشێكی زۆری ناوچەكانی پارێزگای نەینەوایان لەژێر دەست تیرۆریستانی داعش ئازاد كرد و رایانگەیاند: ئەو هەڵوێستە مێژووییانە هەرگیز لەیاد ناكەن و لە یاددانی نەوەكانی ئاییندەشیان دەمێنێتەوە."
بەشداربووانی كۆبوونەوەكە وێڕای ئاماژەدان بە سەقامگیری و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان، داوایان كردووە هەماهەنگی، هاوكاری و پێكەوەیی لەنێوان پارێزگاكەیان و هەرێمی كوردستاندا هەبێت؛ ئەمەش بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی.
لە بەشێكی دئلەئ ئەو كۆبوونەوەدا، شاندی میوان باسیان لە كێشە و گرفتەكانی دانیشتووانی نەینەوا و بارودۆخی ئابووری و خزمەتگوزاریی ئەو پارێزگایە بۆ سەرۆك بارزانی كردووە، "داوایان كردووە لە قۆناخی داهاتوودا لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق نوێنەرایەتییەكی راستەقینەیان هەبێت و كۆتایی بە نەهامەتی و گرفتەكانیان بێت."
|