لێدوانی فەرمی ئەمریکا لەبارەی مووچەی کوردستان
2025-05-30
222 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هانی هەولێر و بەغدا دەدات بۆ ئەوەی لە رێگەی دایالۆگەوە کێشەی مووچە چارەسەر بکەن.
وەزارەتەکە دەڵێت: "داوا لە بەغدا و هەولێر دەکەین ئەرکە داراییە دەستوورییەکانیان جێبەجێ بکەن و کێشەکانیان لە رێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرانەوە چارەسەر بکەن."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات: "چارەسەرکردنی خێرای کێشەی شایستە داراییەکان ئاماژەیەکە کە عێراق بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی دەخاتە پێشەوە و ژینگەیەک دروست دەکات کە کۆمپانیاکان تێیدا خوازیاری وەبەرهێنان بن. هەروەها ئاماژەیەکی ئەرێنی دەبێت بۆ ئەگەری کردنەوەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا."
هاوکات، باس لەوە دەکات: "پشتگیریی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان وەک توخمێکی گرنگی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق دەمێنێتەوە. وەزیر روبیۆ بەم دواییانە میوانداریی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی قسەی کرد، و تیشکی خستە سەر گرنگیی هاوکاریی بەردەوام بۆ پتەوکردنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە عێراق و ناوچەکەدا."
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 28ـی مانگ، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، چیدیکە مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرن بەبیانووی ئەوەی کوردستان پشکی خۆی لە بودجەدا وەرگرتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایار، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقی دایەوە و رایەگەیاند: "بڕیارەکەی عێراق پێچەوانەی دەستوورە و دەبێ زیاتر لە 9 ترلیۆن دیناری دیکە بنێرێت."
لەدوای ئەو راگەیێندراوە، تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق راگەیێندراوێکى دیکەى لەبارەى مووچە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پابەندە بە جێبەجێکردنى بڕیارى دادگەى فیدراڵى و یاسای بودجەى گشتى.
|