فەرمانبەرانی هەرێم دژی پێنەدانی مووچە لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەن

2025-06-01  70 جار خوێنراوەتەوە

فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە دژی پێنەدانی مووچە لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایان تۆمارکرد. دادگاکە دەڵێت، لە نزیکترین کات بڕیار دەدەن.

 بەگوێرەی راگەیێندراوی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە دادگاکە سکاڵایان تۆمارکردووە. داوای بەردەوامبوونی خەرجکردنی مووچە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکەن.

 فەرمانبەران بۆ ئەو داوایەیان پشتیان بەستووە بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی بە ژمارە 224 و یەکخراو بە ژمارە 269ـی فیدراڵی 2023 لە 21-2-2024. 

 فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە سکاڵاکەیاندا، داوا دەکەن دادگا فەرمان سالارییەک دەربکات و وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەند بکات بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی کە تێیدا هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان پابەند دەکات مووچەی سەرجەم کارمەندان بەجێ (تەوتین) بکەن. 

 سکاڵاکە لە دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق بە ژمارە 104تۆمارکراوە و دادگای باڵای فیدراڵی دەڵێت، "لە نزیکترین کات بڕیار لەبارەی داواکارییەکە دەدات بۆ دەرکردنی فەرمان سالارییەکە." 

 ئەگەر دادگە بڕیاری سالاریی بدات، ئەوا نووسراوەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کاریان پێناکرێت و دەبێت راستەوخۆ دەست بە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت. 

چوارشەممەی هەفتەی رابردوو 28-5-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو کە وەزارەت ناتوانێ لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێ، بەهۆی "تێپەڕاندنی پشکەکەی کەلە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە