یەکێتی نیشتیمانی دوای ٥٠ ساڵ لە دامەزراندنی گەیشتوەتە کوێ؟

2025-06-02  736 جار خوێنراوەتەوە

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مۆمی پەنجا ساڵەی تەمەنی کوژاندەوە و پێی نایە ساڵێکی نوێوە، وەک یەکێتییەکان باسی دەکەن، ئێستا خاوەن یەک سەرۆک و یەک سەرکردایەتی و یەک بڕیارن.

لە ١ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٥ لەسەر دەستی جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا لە ئەنجامی یەکگرتنی پێنج قەوارەی سیاسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزرێنرا.

سروشتی پێکهێنانی یەکێتی بە جۆرێک بوو کە بۆچوونی جیاواز و ناکۆکی نێوان باڵەکانی بەردەوام بوونی هەبوو، بەڵام بەهۆی کاریزمایی جەلال تاڵەبانییەوە باڵە جیاوازەکانی ئەو حیزبە ناکۆکییەکانیان نەدەگەیشتنە قۆناغی لێکترازان.

دوای رۆشتنی جەلال تاڵەبانی بۆ بەغدا و بوونی بە سەرۆک کۆماری عێراق، کێشە و ناکۆکییەکانی ناو یەکێتی پەرەیان سەند و تا کارگەیشتە جیابوونەوەی باڵی نەوشیروان مستەفا.

نەخۆش کەوتنی جەلال تاڵەبانی سکرتێری ئەو حیزبە بووە هۆی لاوازبوونی پێگەی لە هەرێمی کوردستان، دەرفەتی گەورەی بۆ رکابەرە سەرەکییەکەی رەخسان تا پێگەی خۆی زیاتر بەهێز بکات.

دوای مردنی تاڵەبانی، حیزبەکە تووشی قەیرانێکی سەختی سەرکردایەتی کردن هات کە بووە هۆی لاوازتر بوونی پێگەی و کاڵبوونەوەی رۆڵی لە ئیدارەدانی هەرێمدا تەواوی بڕیارە ستراتیژییەکان کەوتنە دەست پارتی دیموکراتی کوردستان و تەواوی جومگەکانی حوکمڕانی کۆنتڕۆڵکرد.

لەناوخۆی حیزبەکەشدا برازاکانی جەلال تاڵەبانی نفوزی گەورەیان پەیدا کرد و خەریک بوو جێگە بە کوڕەکانی لێژ بکەن، پێگەیان ئەوەندە بەهێز بووبوو، کە وەک فەرمانڕەوای حیزبەکە مامەڵەیان دەکرد.

ئەوەش وایکرد، لە کۆنگرەی چوارەمدا زۆرینەی دەنگەکانی کۆنگرە بەدەستبهێنن و بۆ یەکەمجار ئەزموونی هاوسەرۆکی لە کوردستان پەیڕەو بکەن.

ئەم ئەزموونە زۆری نەخایاند تا لە کودەتایەکی سپیدا برازاکانی جەلال تاڵەبانی لەلایەن هەردوو کوڕەکەیەوە دوور خرانەوە و بە تەواوی لە دەسەڵات خران.

ئێستا یەکێتی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی کوڕە گەورەکەی جەلال تاڵەبانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، بە درێژایی مێژووی ئەو حیزبە تا ئێستا ناوەندێتی بڕیار و بێ باڵی وەک ئێستا نەبووە.

تەواوی هێزەکان لەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە کۆنتڕۆڵ کراون، هیچ سەرکردەیەکی نیە بوێری ئەوە بکات هاوشێوەی رابردوو لەگەڵ نەیارەکانی یەکێتی خۆی رێک بخات و ژێر بە ژێر پەیوەندیان لەگەڵ دروست بکات.

قۆناغی ئێستای یەکێتی قۆناغی بافڵ تالەبانی کوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانییە کە لە هیچ قۆناغێکی پێش خۆی ناچێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە