مەزڵووم عەبدی: ئامادەم لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان کۆببمەوە

2025-05-31  447 جار خوێنراوەتەوە

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەردەبڕێت و دەڵێت، ماوەی دوو مانگ و نیوە ئاگربەستێکی "کاتی و مەرجدار"یان لەگەڵ تورکیادا هەیە و "هیوادارین" ببێتە ئاگربەستێکی هەمیشەیی، لە کاتێکدا میدیای ئەمریکی دەڵێت، واشنتن هەوڵی لێکنزیککردنەوەی هەسەدە و ئەنقەرە دەدات. 
  
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "شەمس" کە رۆژی هەینی پەخشکرا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوەکرد کە "تورکیا رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لەو جەنگەی بەسەر" سووریا و رۆژئاوای کوردستان سەپێندرا و "دەزانن کە تورکیا عەفرین و ناوچەکانی دیکەی وەک سەرێکانی و گرێسپی داگیرکرد. لە دە ساڵی رابردوودا جەنگی درێژخایەنمان دژی یەک کردووە."
 
مەزڵووم عەبدی دووپاتیکردەوە کە "ئێستا دوو مانگ و نیوە ئاگربەستمان لەگەڵ تورکیا هەیە؛ ئاگربەستێکی کاتی و مەرجدارە و هیوادارین ببێتە هەمیشەیی و کاریش بۆ ئەوە دەکەین."
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە هەروەها وتی: "پەیوەندیی راستەوخۆ و کەناڵی راستەوخۆمان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ تورکیا هەیە، هەروەها لە رێگەی نێوەندگیرەکانیشەوە؛ هیوادارین ئەم پەیوەندییانە پەرەبستێنن."
 
سەبارەت بە مەرجەکانی ئاگربەستەکە، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند: "هەندێک دۆسیەی ئەمنی هەن کە تورکیا داوای چارەسەرکردنیان دەکات و ئێمە ئێستا کاریان لەسەر دەکەین. دۆسیەی پەیوەندیدار بە هێڵی بەریەککەوتن و هێڵەکانی پێکدادان و دۆسیەی دیکەش هەن. هەروەها تورکیا گرنگی بە بابەتی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە سوپای سووریا و دۆسیەکانی دیکەش دەدات."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، مەزڵووم عەبدی وتی: "ئێستا بەرنامەیەکی وەهام نییە،" بەڵام جەختیشی کردەوە کە "هیچ کێشیەکەم نییە لەوەی لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان کۆببمەوە"؛ ئاناژەی بەوەشکرد: "ئێستا پەیوەندیمان هەیە، با بڵێم ئێستا بابەتی شەڕکردن لە ئارادا نییە و ئێمە لە دۆخی جەنگدا نین لەگەڵ تورکیا، لە داهاتووشدا رەنگە پەیوەندیی نێوانمان پەرەبسێنێت، ئێمە بۆ ئەوە ئامادەین."
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە پێشوازی لە بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری کرد و رایگەیاند: "ئێمە پێشوازیمان لەو بڕیارە کرد. ئەوە بڕیارێکە تایبەتە بە خۆیان، واتە پارتی کرێکارانی کوردستان. کاریگەریی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەرێنی بوو لەسەر ئەم ناوچەیە و پێم وایە ئاگربەستی ئێستامان لەگەڵ تورکیا یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئەم چارەسەرە."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە