شارەزایەکی كەشناسی: مەچنە دەر و پەنجەرەکانتان دابخەن

2025-05-27  583 جار خوێنراوەتەوە

شارەزایەكی كەشناسی هۆشداری لە هاتنی شەپۆلێكی دیكەی خۆڵبارین و ڕەشەبا دەدات و داوا لە هاووڵاتیان دەكات “نەچنە دەر و پەنجەرەی ماڵەكانتان دابخەن”.

هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای كەشناسی بۆ 7ROJ ڕایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لەسبەینێوه کەدەکاتە ڕۆژی چوار شەممە ڕێکەوتی (٢٨/ ٥/ ٢٠٢٥) لەئەنجامی دووبارە ئاکتیڤ بوونەوەی خێرایی بای باکووری خۆرئاوا شەپۆلێکی تری خۆڵبارین بۆ هەندێ شوین لاواز و بۆ هەندێ شوینی تر مامناوەند بۆ چڕ، تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرێتەوە.

ڕاشیگەیاند، گەردەلوولی خۆڵبارین سەرەتا لەناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراقەوە دەستپێدەکات لەکاتەکانی نێوەڕۆ بەدواوە بۆ ئێواره کاریگەری دەگاته ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی كوردستان و کاریگەری شەپۆلەکە بەپێی کات و شوێن دەگۆڕێت.

وتیشی، “پەنجەرەکانتان دابخەن، ئۆتۆمبێلەکانتان لەشوێنی سەلامەت ڕاگرن ئەوانە نەخۆشی ڕەبۆ و حەساسیەیان هەیە لەماڵ مەچنە دەرەوە هەتا بۆت دەکرێت سبەی گەشت مەكەن، چونکە مەودای بینین زۆر کەم دەبێتەوە بۆ (١٥٠ – ٣٠٠) مەتر و باشترە شۆفێران لەحاڵەتی خۆڵبارین خێرایی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکانیان کەمبکەنەوە و لایتی بەرز بەکاربهێنن”.

ئاماژەی بەوەشدا، لەبەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی خێرایی با لەنێوان ( ٤٠ – ٥٠ ) کیلۆمەتر دەبێت لەکاتژمێرێکدا و لەناوچەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین و سۆران خێرایی با (50- 60) كیلۆمەتر تێپەڕ دەكات و لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو دوو ناوچەیە لەهەندێ کات دەگاتە (70- 80) كیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە