مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردن کۆدەبێتەوە
2025-05-27
172 جار خوێنراوەتەوە
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی ٧ڕۆژ، پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە دەبێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میدیاکانی وت: "نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی کۆدەبێتەوە."
بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە لە سێ تەوەری سەرەکی پێکهاتووە، یەکەمیان، پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پشک و بەشداری یەکێتی تێیدا. دووەم: هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و سێیەمیش، ئەنجامی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانییە بۆ ئەمریکا.
رۆژی 21ی ئادار، هەردوو شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی لە هەولێر لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت کۆبوونەوە.
هۆشیار زێباری، سەرۆکی شاندی پارتی هەفتەی رابردوو لە کۆڕبەندی دێلفی لە سلێمانی رایگەیاند، پارتی و یەکێتی لە پێکهێنانی حکومەت نزیکن.
دووشەممە، 26-05-2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرپەرشتیی شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکات، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایگەیاند، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامن و "تاوەکو پێکهێنانی کابینەی نوێ هەر بەردەوام دەبن."
قوباد تاڵەبانی وتی، "لەوانەیە لە کۆبوونەوەی پێشوودا هەندێک داواکاریمان لە پارتی هەبووبێت، لە کۆبوونەوەی داهاتووشدا هەندێک داواکاریی نوێمان هەبێت، واتا پڕۆسەکە بەردەوامە؛ لەوانەیە ئەوان بێن شتێک پێشکێش بکەن و بڵێن ئەمەمان پێ باشە، ئێمەش رەنگە سبەی شتێکی دیکەمان پێ باشتر بێت."
سەرپەرشتیاری شاندی دانوستاندنکاری یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان وتی، "هەر شتێک بڵاوبووەتەوە، نەگۆڕ نییە، ئەگەر لە کۆبوونەوەی داهاتوودا یەکێتی هەندێک داواکاریی دیکەی هەبێت، هەژەند مەبن."
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسیان بەدەستهێنا.
|