حکومەتی هەرێم لەبارەی گرێبەستەکان وەڵامی حکومەتی عێراق دەداتەوە
6 کاتژمێر پێش ئێستا
101 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی دوو رێککەوتننامەکەی واشنتن بڵاوکردەوە و وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە و رایگەیاند، "ئەو گرێبەستانە نوێ نین و پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانیان بە یاساییبوونیاندا ناوە."
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە روونکردنەوەیەک وەڵامی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە لەبارەی واژۆکردنی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کۆمانیاکانی WesternZagros و HKN ئەمریکی کراون.
وەزارەتی نەوتی عێراق پێشووتر رایگەیاندبوو: "رێکارەکانی تایبەت بە گرێبەستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی رەتدەکەینەوە".
هەروەها نەوتی عێراق دەڵێت: "سەرەڕای پێویستییەکان بۆ گەورەکردنی قەبارەی وەبەرهێنانی گاز و پڕکردنەوەی پێویستییە نێوخۆییەکان بۆ وێستگەکانی کارەبا، بەڵام ئەو رێکارانەی هەرێمی کوردستان گرتوونیەتە بەر بە ئاشکرا دژی یاسا عێراقییەکانە".
سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئامانجی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان روونکردووەتەوە و رایگەیاند، ئامانج لێیان "پڕکردنەوەی پێداویستی نێوخۆییە و لە رێگەی یادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا لە عێراق."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، "حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووریی هەمیشەیی عێراق."
لەبارەی گرێبەستەکانەوە، وەزارەتەکە دەڵێت: "ئەو دوو رێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros کردوویەتی، رێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵکوو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە."
"تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی وگرێبەستییەکانی هاتوو لە ڕێکەوتننامەکان." لە راگەیێندراوەکەی سامانە سرووشتییەکان دا هاتووە.
ئەو وەزارەتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەیان جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکە، "چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین."
شەوی رابردوو (19-05-2025) کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە واشنتنەوە رایگەیاند، چەند گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری نەوت و گازدا واژۆ کردووە، بەهاکەیان زیاتر لە 100 ملیار دۆلار دەبێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە پاش واژۆکردنی گرێبەستەکە وتی، "ئەم گرێبەستە چەندین ملیار دۆلارییە، جەخت لە پابەندبوونی کوردستان دەکاتەوە بە ئاشتی و پێشکەوتن لە رێگەی گەشەپێدانی ئابوورییەوە، زۆر خۆشحاڵم کە دووبارە لێرەم لە واشنتن بەتایبەتی بۆ ئامادەبوونم لە واژۆکردنی ئەم دوو گرێبەستە زۆر گرنگە. بێگومان هەردوو کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن و وێستێرن زاگرۆس ساڵانێکی زۆرە لە کوردستان کاردەکەن و زۆریان بە کوردستان بەخشیوە، سوودیان بە خەڵکەکەمان گەیاندووە، هەروەها بە هەموو عێراق."
|