حکومەتی هەرێم بەبەهای 100 ملیار دۆلار لەئەمریکا ژمارەیەک گرێبەستی واژۆ کرد
22 کاتژمێر پێش ئێستا
56 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە واشنتنەوە رایگەیاند، چەند گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری نەوت و گازدا واژۆ کردووە، بەهاکەیان زیاتر لە 100 ملیار دۆلار دەبێت.
لەبارەی گرێبەستەکان و هەماهەنگییان لەگەڵ حکومەتی عێراق، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەیدا لە پایتەختی ئەمریکاوە رایگەیاند: "راوێژمان بە حکومەتی عێراق نەکردووە".
وەزیری سامانە سرووشتییەکان وتی: "مەبەستی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت لە 17-05-2025 بۆ واشنتن، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە سیاسیی، ئابووری و سەربازییەکانە لەگەڵ حکومەت و کۆمپانیا ئەمریکییەکان".
کەمال محەممەد باسی لە گرێبەستەکان کرد و رایگەیاند: "لەم گەشتەدا دوو گرێبەست لە بواری پیشەسازی نەوت و گازدا واژۆ دەکرێن. گرێبەستی یەکەم بۆ گازە لەگەڵ کۆمپانیای میران ئێنرجی، کە پێکهاتووە لە دوو کۆمپانیا؛ کۆمپانیای HKNـی ئەمریکی و گرووپی ئۆنێکس، کە لە بواری نەوتدا کار دەکەن".
وەزیری سامانە سرووشتییەکان باسی لەوەشکرد: "گرێبەستەکان بۆ ئەوەیە کێڵگەی گاز بەکاربهێندرێت لە ژێرخانی هەرێمی کوردستاندا بۆ بەکارهێنانی کارەبا، هەروەها بۆ ئەو کارەبایەش کە بۆ عێراق دەچێت، بۆیە دەتوانم بڵێم هەرێمی کوردستان و عێراقیش لێی سوودمەند دەبن".
|