نزیکەی 800 کوردی ئێزدی لە زیندانەکانی سوریان

16   کاتژمێر پێش ئێستا  148 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی رێکخراوی گەشەپێدانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی دەڵێت، "تا ئەمڕۆ نزیکەی 800 ئێزدی لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی تەحریر شامدا ماون لە ئیدلب." هەروەها "زیاتر لە 5 هەزار کورد لە عەفرین، سەرێکانی و دێرەزوور زیندانیکراون."
 
ئاراس جەلال، وتەبێژی رێکخراوی گەشەپێدانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، باسی لە چارەنووسی هەزاران کوردی ئێزدی و هاووڵاتیانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان کرد.
 
ئاراس جەلال  بە میدیای پارتی وت: "تاوەکو ئەمڕۆ 2 هەزار و 150 کورد چارەنووسیان نادیارە، کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستگیرکرابوون".
 
وتەبێژی رێکخراوی گەشەپێدانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوانەشی لەسەر دەستی سوپای نیشتمانیی سووریا دەستگیرکراون، 5 هەزار و 400 هاووڵاتیی سڤیلی کوردن، لەنێویاندا 275 ژن و 250 منداڵ هەن".
 
راشیگەیاند، ئەوانەی لەلایەن داعشەوە بێسەروشوێن کراون زۆرینەیان لە حەلەب، کۆبانێ و رەقە دەستگیرکرابوون، ئەوانەشی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی دیکەوە دەستگیرکراون، لە عەفرین سەرێکانی و گرێ سپی بووە.
 
وتەبێژی رێکخراوی گەشەپێدانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی ئاماژەی بە چارەنووسی کوردانی ئێزدی کرد و وتی: "تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە دوو هەزار ئێزدی بێسەروشوێنن، زۆرینەیان لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە لە ساڵانەی 2017 بۆ 2019 دەستگیرکراون و ئێستاش لە ئیدلیبن لە سووریا".
 
ئاراس جەلال ئەوەشی راگەیاند: "دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، زیندانییەکان ئازاد کران، بەڵام زیندان و زیندانیانی ژێردەسەڵاتی تەحریر شام (هەتەشە) وەکو خۆیان مانەوە و بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێمە زیاتر لە 800 ئێزدییان تێدایە لە ئیدلب".
 
بە وتەی وتەبێژی رێکخراوی گەشەپێدانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، هەرچەند ئێستا سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی پێشووی هەتەشەیە، بەڵام "ئیدلب هیچ گۆڕانکاری لە بەڕێوەبردنیدا رووینەداوە و هەمان سیستم و گرووپی چەکداریی هەتەشە بەڕێوەی دەبەن".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە