عيراق بە 600 ئەفسەر میوانانی لوتکەی عەرەبی دەپارێزێت

14   کاتژمێر پێش ئێستا  133 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عیراق رێکارە ئەمنییەکانی بۆ کۆبونەوەی لوتکەی عەرەبی تەواوکردووە و  بە 600 ئەفسەر و کارمەند لەگەڵ دانانی سێ هەزار کامێرا پارێزگاری لە بەشداربووانی لوتکەکە دەکات.

میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" لیژنەی باڵا هەموو رێکارەکانی پاراستنی میوانانی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا تەواو کردووە، هەروەها پلانیش بۆ حاڵەتی لەناکاو دانراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد:" بۆ وەرگرتنی ئەزمونی پاراستنی میوانەکان، لیژنەی ئەمنی تایبەت بە پاراستنی لوتکەی بەغدا سەردانی بەحرەینیان کردووە".

لەبارەی ژمارەی هێزی ئەمنیی کە پارێزگاری لە بەشداربووانی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا دەکەن، میقداد میری ئاشکرای کرد:" 600 ئەفسەر و کارمەند ئەرکیان پاراستنی کەسی وەفدە باڵاکان دەبێت، ئەمە جگە لەوەی چەندین ئەفسەر بە پلەی لیوا ئەرکی هەواڵگری لە ئەستۆ دەگرن".

میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ رشایگەیاند:" لە سەنتەری ئۆپەراسیۆنەکاندا سێ هەزار کامێرای چاودێری دانراوە، هەروەها بە فڕۆکەی جەنگی ئاسمانی بەغدا کۆنترۆڵ دەکرێت، بەڵام  هێز لە پایتەخت بڵاوناکرێتەوە و هیچ رێگایەکیش داناخرێت".

بڕیارە لە 17ی5ی2025، لوتکەی عەرەبی بە بەشداری سەرکردە و پادشای وڵاتانی عەرەبی لە شاری بەغدا بەڕێوەبچێت،  بانگهێشتنامەش ئاراستەی سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی کراوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە