کۆمیسیۆن لەبارەی کڕین و فرۆشتنی کارتی بایۆمەتری بڕیاری دا
15 کاتژمێر پێش ئێستا
64 جار خوێنراوەتەوە
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڕەشەی سزادانی ئەو کەسانە دەکات کە کڕین و فرۆشتن بە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانەوە دەکەن.
لە بەشێک لە ماڵپەڕە هەواڵی و پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیادا هەواڵی کڕین و فرۆشتنی کارتی بایۆمەتری بڵاوبووەتەوە و باس لەوە دەکرێت، گوایە هەر کارتێک بە 50 تاوەکو 150 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، رایگەیاند: "ئامانج لەو کارە ساختەکارییە یان بێبەشکردنی دەنگدەرە لە دەنگدان. لە هەردوو بارەکەدا یاسا سزای داناوە. جگە لەوە، کارتی بایۆمەتری بەڵگەنامەیەکی فەرمییە و بۆیە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی خاوەن کارت و ئەو کەسەش کارتەکەی بەدەستهێناوە لە رێگەی کڕین، ئەگەر شتێکی وا هەبێت."
عیماد جەمیل وتی: "کۆمیسیۆن رێوشوێنی تووند دەگرێتەبەر. ئەگەر ئەو کارە لەلایەن بەربژێری هەڵبژاردنەوە بکرێت، سزاکەی دەگاتە ئاستی دوورخستنەوە لە هەڵبژاردن و دادگەییکردن."
بە وتەی سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن، "کڕینی کارتی بایۆمەتری بۆ ساختەکاری سوودی نییە، چونکە ئەوە کارتی ئەلیکترۆنییە و لەسەر وێنە و پەنجەمۆر کاردەکات، تەنیا لەلایەن خاوەنەکەیەوە دەتوانرێت بەکاربهێندرێ."
عیماد جەمیل رایگەیاند: "کڕین و فرۆشتنی ئەو کارتانە لێپرسینەوەی یاسایی بۆ هەردوولا دروست دەکات، بۆیە هۆشداری دەدەینە هاووڵاتییان کە ئەو کارتە نەفرۆشن، چونکە بەڵگەنامەیەکی فەرمییە و یاسا سزای لەسەر دادەنێت."
بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە 11ی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو بکرێت.
|