ماکرۆن بۆ شەرع: رێککەوتنی هەسەدە و سووریا زۆر گرنگە

15   کاتژمێر پێش ئێستا  90 جار خوێنراوەتەوە

ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆشکی ئیلیزێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع وتی: "رێککەوتنی سوپای سووریا و هەسەدە زۆر گرنگە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "پێویستە پارێزگاری لە هەموو سووریاییەکان بکرێت."
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پاریس پێشوازی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کرد و پێی وت: " پاریس پشتیوانیی لە جێبەجێکردنی هەر رێککەوتنێکی نێوان دەسەڵاتی سووریا و ئیدارەی کوردی دەکات."
 
ماکرۆن وتیشی: "پێشنیازم بۆ شەرع کرد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش کار لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بکات."
 
رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکدێت. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
 
لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا، ماکرۆن سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و وتیشی: "هێرش و بۆردوومان گەرەنتیی ئاسایشی ئیسرائیل ناکەن."
 
دوای گرژییەکانی هەفتەی رابردوو کە بوونە هۆی کوژرانی 119 کەس و زۆربەیان دروز بوون، ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی کردە سەر هێزەکانی سەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا.
 
ئیسرائیل کە لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە رووبەرێکی فراوانتری سووریای داگیرکردووە، دەڵێت، دەیەوێت پێکهاتەی دروز بپارێزێت.
 
ئەحمەد شەرع وتی: "سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل دەکەین؛ ئیسرائیل بە بیانووی پاراستنی پێکهاتەکان هێرش دەکات."
 
سەرۆکی سووریا ئاشکرای کرد کە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و چەند نێوەنگیرێکیشیان لە نێواندایە، "ئەوەش بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە بۆ ئەوەی نەگاتە خاڵێک کە لە کۆنترۆڵی هەردوولا دەربچێت."
 
ئەمە یەکەم سەردانی ئەورووپا بوو بۆ شەرع. ماکرۆن وتی: "فەرەنسا پشتیوانیی لابردنی قۆناخ بە قۆناخی سزاکانی سەر سووریا دەکات و هانی ئەمریکاش دەدات هەمان شت پەیڕەو بکات."
 
سەرۆکی فەرەنسا داوای لە هاوتا سووریاییەکەی کرد "بێ جیاکاری پارێزگاری لە هەموو سووریاییەکان بکرێت. سەقامگیریی سووریا هۆکارێکی گرنگی ئاسایشی ناوچەکەیە و سووریا بەبێ بووژانەوەی ئابوووری، ناتوانێت سەقامگیریی بەدەستبێنێت."
 
لە بەرامبەردا ئەحمەد شەرع کە بەیاوەریی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆمەڵێک بەرپرسی دیکە چوونەتە فەرەنسا وتی: "گەلی سووریا سوورن لەسەر بنیاتنانەوەی ئەو شتانەی جەنگ خاپووری کردن."
 
سەرۆکی سووریا جەختی لە پێویستیی لابردن و سووککردنی سزاکان کردەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە