ماوەی بایۆمەتریی بۆ هەڵبژاردنی عێراق درێژکرایەوە
8 کاتژمێر پێش ئێستا
123 جار خوێنراوەتەوە
تاوەکو 25ی ئایاری 2025 ماوەی بایۆمەتریی هەڵبژاردن درێژکرایەوە. بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق سێ ملیۆن و 900 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، تائێستا یەک ملیۆن کەس بایۆمەترییان نەکردووە.
لەدوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، 100 هەزار دەنگدەر کە لەدایکبووی ساڵی 2007ن، دەتوانن سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆن بکەن و کارتی دەنگدان دروست بکەن. تاوەکو ئێستا تەنیا 2600 کەس بایۆمەترییان کردووە.
زۆرن ئەو بنکانەی رۆژانە سەردانیکاریان لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناکەن، لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا تەنیا 57 هەزار کەس بە مەبەستی بایۆمەتری و کێشەی چاککردنەوەی پەنجەمۆر، سەردانی بنکەکانی کۆمیسیۆنیان کردووە؛ 48 هەزار کارتەکەی لەدوای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانیش گەڕێندرابوونەوە بەغدا، ئێستا هاتوونەتەوە و خاوەنەکانیان دەتوانن وەریانبگرنەوە.
نەبەرد حوسێن، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی عێراق دەڵێت، "وەکو هەڵبژاردنی رابردوو، هەر کەسێک کارتی دەنگدانی نەبێت، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت دەنگ بدات، هەروەها کۆمیسیۆن کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریشی چارەسەر کردووە، بۆیە داواکارین لەو کەسانەی کێشەی پەنجەمۆریان هەبوو، سەردانی بنکەکانمان بکەن و بۆیان چارەسەر دەکرێت."
کۆمیسیۆن 173 بنکەی تۆماری بایۆمەتریی لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، 7 رۆژی هەفتە لە کاتژمێر 08:00ی بەیانی تاوەکو 05:00ی ئێوارە کراوەن.
|