بانکی ناوەندیی عێراق لە بارەی نرخی دینار ڕوونکردنەوە دەدات
20 کاتژمێر پێش ئێستا
256 جار خوێنراوەتەوە
بانکی ناوەندیی عێراق رایدەگەیێنێت، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە داهاتوودا باشتر دەبێت.
عەمار حەمەد خەلەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی رایگەیاند، باشبوونی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕی ناوخۆییدا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سیاسەتێکی ناوەندیی پەیڕەو کراوە.
یەدەگی عێراق نزیکەی 110 ملیار دۆلارە. یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی باشبوونی بەهای دینار، بەوتەی جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، بوونی یەدەگێکی گەورەی داراییە کە پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا بەهای دینار باشتریش بێت.
عەمار حەمەد خەلەف، جەختی لەوەکردەوە، بانکی ناوەندی کاردەکات بۆ ئەوەی دراوی نیشتمانی بەهێزتربێت، ئەوەیش بە پشتبەستن بە سیاسەتی گونجاو و توانای دارایی و پێویستییەکانی بازاڕی نیشتمانی.
لە چەند هەفتەی رابردوودا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەزبووەتەوە، ئێستا 100 دۆلاری ئەمریکی بە نزیکەی 145 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
جەبار گۆران، شرۆڤەکاری دارایی و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە کارگێری دارایی، رایگەیاند: "بەرزبوونەوەی بەهای دینار هۆکاری زۆرە؛ بۆ نموونە بانکی ناوەندیی عێراق ئێستا پێدانی حەواڵەی زۆر خێراتر کردووە، پێشتر بازرگانان کەم سوودیان لە دۆلاری بانک دەبینی، ئێستا زۆرینەیان سوودمەند دەبن".
ئاماژەی بەوەکرد، لە رابردوودا حەواڵەکردنی دۆلار بە نرخی فەرمی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە نزیکەی مانگێک کاتی پێویست بووە، بۆیە بازرگانان لە بازاڕەکاندا بە نرخی بەرزتر دۆلاریان کڕیوە، بەڵام ئێستا بە نزیکەی شەش رۆژ پارەکە وەردەگرن.
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی دەفرۆشێت، کە بۆ 100 دۆلار 132 هەزار دینار وەردەگرێت و ئەو بڕەش زۆرینەی بە حەواڵە دەنێردرێتە دەرەوە.
جەبار گۆران کە هاوکات وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانییە، وتی: "بڕیارێکی نوێ هەیە بۆ بازرگانیی بچووک 45 بۆ 50 ملیۆن دیناریان راستەخۆ بۆ حەواڵە بکرێت، کە پێشتر دۆلار بە نرخی فەرمی بەوانە نەدەدرا، ئەوانە هەمووی خواستی لەسەر دۆلاری بازاڕەکان کەمکردووەتەوە".
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دینار ئەوەیە. بۆ یەکەم جارعێراق بووە ئەندام لە سەکۆی ئاڵوگۆڕ (تەبادول)ـی ئیماراتی بۆ بازرگانیی ئەلیکترۆنی.
د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند: "وڵاتەکەمان بووەتە نۆیەمین ئەندامی ئەو سەکۆ هەرێمییە پێشکەوتووە، ئەندامبوونیش لەو سەکۆیە، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووریی وڵات لە ئاستی هەرێمی و سنووری کارکردنی وەبەرهێنەرانیش فراوانتر دەکات."
بە وتەی راوێژکارەکەی سوودانی: "بە دڵنیاییەوە ئەندامبوون لەو سەکۆیە، هێز بۆ دیناری عێراقی زیاد دەکات و وادەکات تەنیا پشت بە دۆلار نەبەسترێت بۆ وەبەرهێنان."
جەبار گۆران شرۆڤەکاری ئابووری ئاماژەی بە چەند هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی بەهای دینار کرد و وتی: "نزیکبوونەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەروەها دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکاش کاریگەریی راستەخۆیان لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار هەیە".
|