یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کرا

10   کاتژمێر پێش ئێستا  97 جار خوێنراوەتەوە

پەرلەمانی عێراق یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کرد.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پۆستێکدا لە هەژماری فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، "ئەمڕۆ یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەمان رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کرد". 
 
چرۆ حەمەشەریف، نوێنەری هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، دوای ئەوەی سەرۆککۆمار واژۆی لەسەر دەکات و لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێتەوە، یاساکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و رێکاری پێویستی بۆ دەردەکرێت. 
 
رۆژی 14ی نیسانی 2025 پەرلەمانی عێراق، پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسندکرد و بە فەرمی بووە چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان و  نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق.
 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە (12034) ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان، بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ.
 
بەپێی خەمڵاندنی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجە ئەم ساڵ دەگاتە 125 هەزار کەس.
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە