بافڵ تاڵەبانی: هەرگیز دۆسته‌كانمان له‌بیرناكه‌ین له‌گه‌ڵمانن و جێمانناهێڵن

4   کاتژمێر پێش ئێستا  34 جار خوێنراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر لەگەڵ ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون، بافڵ تاڵەبانی جەختی لەبەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردەوە.

بافڵ تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانی و رۆڵی حکومەت و گەلی فەرەنسا دەربڕی کە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتدا پشتیوانی گەلی کورد بوون و هاوکاریی و پشتگیرییە بەردەوامەکانیانی بۆ هەرێمی کوردستان بەرزنرخاند و رایگەیاند، ئێمە قەت دۆستەکانمان لەبیرناکەین کە لەگەڵمانن و جێمانناهێڵن.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق تاوەکو کورد بە یەکگرتوویی رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و بەپێگەیەکی بەهێزترەوە لە بەغدا خزمەتی خەڵک و بەرژەوەندییەکان بکات.

دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو کە تێیدا جەخت لە پاراستنی مافی تەواوی پێکهاتەکان کرایەوە لە چوارچێوەی سووریایەکی نوێ بە تایبەت کوردانی رۆژئاوای کوردستان.

بافڵ تاڵەبانی جەختی لە سیاسەتی نیشتمانیی یەکێتی بۆ ئەم پرسە نیشتمانییە کردەوە و رایگەیاند، یەکگرتوویی کورد و پشتگیریی کردن لە مافەکانیان زامنی پاراستنی ئارامی و ئاشتییە لە ناوچەکەدا، هەر بۆیە هانی هەموولایەکمان داوە بە ئاشتییانە و دیالۆگ هەموو ئەو بابەتانەی ناکۆکییان لەسەرە چارەسەربکرێن ئەمەش رێگا دروستەکەیە بۆ گەیشتن بە ئارامی و مسۆگەرکردنی ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە