لە دادگای فیدراڵی تانە لە بڕیاری بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە دەدرێت
2025-04-15
393 جار خوێنراوەتەوە
ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراق لە "فراكسیۆنی اشراقە كانون"، ئەمڕۆ لە دادگای فیدراڵی تانەیان لە بڕیاری بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە دا و دەڵێن، "ڕێكارەكانی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسایی بە پارێزگابونی هەڵەبجە نادروستە و نیسابی یاسایی تەواو نەبو، چونكە تەنها 80 پەرلەمانتار ئامادەی دەنگدانەكە بون".
فراكسیۆنی اشراقە كانون، ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێكدا لە پەڕەی تایبەتی فراكسیۆنەكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویانكردەوە، پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكەیان تانەیەكیان لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمارکرد، بۆ تانەدان لە دروستی ڕێکارەکانی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بە پارێزگای هەڵەبجە و پلە تایبەتەکان.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە دانیشتنی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەران، ڕێکارە پێویستەکان لە شوێنی خۆیان نەبون لەوانەش، نەبونی نیسابی پێویست، چونكە تەنها 80 پەرلەمانتار ئامادەبون، لەکاتێکدا رێژەی یاسایی زیاتر 166 پەرلەمانتاری پێویستە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ئەو تانەیە لە چوارچێوەی چاودێری دەستوریدایە، کە ئامانج لێی دڵنیابونەوەیە لەوەی یاسا و بڕیارەکان لەگەڵ دەستوری عێراقدا یەكبگرنەوە.
ئەوەشیخستەڕو، سەرەڕای هەمو ئەو ئاڵنگارییانەی روبەڕوی فراكسیۆنەكەیان دەبێتەوە لە جێبەجێکردنی رۆڵی چاودێریکردندا، بەڵام بەردەوامن لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی ئەنجومەنی نوێنەران و داواكاری بەردەوامیان، پیادەكردنی دەنگدانی ئەلیکترۆنیە، بۆ دڵنیابون لە وردی رێکارەکانی پرۆسەی یاسادانان.
|