مەسعود بارزانی و شاندێکی ئەمریکا دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

2025-04-15  102 جار خوێنراوەتەوە

مەسعود بارزانی، لە سەلاحەدین، پێشوازی لە ڤیکتۆریا تایلۆر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و شاندێکی یاوەری کرد و چەند پرسێکی تایبەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
 
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر "دۆستایەتی و هاوبەشیی" نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان کردەوە، بە ئامانجی دابینکردنی سەقامگیری و پێشڤەچوون لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەدا.
 
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و بارودۆخی سیاسیی عێراق، سووریا و ناوچەکە بە گشتی کرا. هەروەها بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لەبارەی گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و هەروەها رەوشی لایەنە کوردییەکان لە سووریا، داهاتوو و پەیوەندییان لەگەڵ هەر حکومەتێکی نوێی ئەو وڵاتە.
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ، هەروەها میکانیزمەکانی هەماهەنگیی نێوانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان، بارەگای بارزانی وا دەڵێت.
 
بارەگای بارزانی رایگەیاندووە، گفتوگۆکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشێک بوون لە باسەکانی نێوان سەرۆک بارزانی و شاندی میوان.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە