کۆمیسیۆن: لەم هەڵبژاردنە پارێزگای هەڵەبجە ڕەنگە نەکرێتە بازنەی هەڵبژاردن
2025-04-15
263 جار خوێنراوەتەوە
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دووری دەزانێت لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراقدا پارێزگای هەڵەبجە وەک بازنەی هەڵەبجە هەڵبژاردنی تێدا بکرێت و دەڵێت، بۆ ئەوەی پارێزگای هەڵەبجە ببێتە بازنەیەکی هەڵبژاردن، دەبێت یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار بکرێتەوە.
دوای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە، پرسیار دەکرێت، ئایا لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ، هەڵەبجە دەبێتە بازنەیەکی هەڵبژاردن یان وەکو خۆی لە چوارچێوەی پارێزگای سلێمانی دەمێنێتەوە؟
لەو بارەیەوە جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە میدیاکانی راگەیاند، "هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە وەک پارێزگایەکی نوێ، بابەتێکە هێشتا کاتی نەهاتووە و زووە".
وتیشی، دەبێت سەرۆک کۆمار واژۆ لەسەر ئەم یاسایە بکات و پاشان لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە. دوای ئەوە، بە دەرکردنی مەرسومێکی کۆماریی جێبەجێ دەکرێت، کە دامەزراندنی ئەم پارێزگایە و دیاریکردنی سنوورە کارگێڕییەکانی لەخۆدەگرێت.
جومانە غەلای، ئاماژەی بەوەشکرد،"ئەمە پێویستی بە دامەزراندنی فەرمانگە ناوخۆییەکانە، لەوانەش نووسینگەی هەڵبژاردن. هەروەها هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، بۆ دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەم پارێزگایە بەپێی ژمارەی دانیشتووانەکەی. بۆیە رەنگە نەتوانرێت ئەم پارێزگایە بخەینە چوارچێوەی ئەم هەڵبژاردنەوە".
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025ـی وەک رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریکرد.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2021دا بە 83 بازنەی هەڵبژاردن کرا، کە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە کرابوونە پێنج بازنەی هەڵبژاردن، بەڵام دواتر یاسای هەڵبژاردن هەموار کرایەوە و عێراق بە بە هەرێمی کوردستانیشەوە کرایە 18 بازنە، کە سلێمانی و هەڵەبجە یەک بازنەی هەڵبژاردنن.
ڕۆژی دووشەممە 14-04-2025 پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکە دەنگ بە پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە درا و هەڵەبجە بووە 19هەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان.
|