بافڵ تاڵه‌بانی: به‌پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه به‌رپرسیارێتیمان زیاتر ده‌كات
   
    
    
        
       2025-04-14
         443 جار خوێنراوەتەوە
     
    
   
                
    
           بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی به‌بۆنه‌ی په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاسای به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقه‌وه په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند:" هه‌ڵه‌بجه‌ییه سه‌ربه‌رزه‌كان شایه‌نی هه‌موو پاداشت و خزمه‌تكردنێكن و ئامۆژگاریی سه‌رۆك مام جه‌لاله كه هه‌رچیمان له‌ده‌ستبێت ده‌بێت بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ی بكه‌ین". 
 
ده‌قی په‌یامه‌كه: 
 
ئه‌مڕ‌ۆ رۆژێكی مێژووییه، منیش هێنده‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ییه سه‌ربه‌رزه‌كان دڵخۆشم، چونكه گه‌یشتین به یه‌كێك له‌و ئامانجانه‌ی چه‌ند ساڵێكه هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین تاوه‌كو كه‌مێك له ئازاری كه‌سوكاره‌كانی خۆمان كه‌م بكه‌ینه‌وه.  
 
له دڵه‌وه سوپاس و پێزانینی بێپایانم ئاراسته‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه ده‌كه‌م كه هه‌وڵیان بۆ به‌پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه داوه و له رابردوودا په‌رۆشانه له هه‌وڵدابوون بۆ سه‌رخستنی ئه‌م بڕ‌یاره مێژووییه.   
 
به‌پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه به‌بیرمان ده‌هێنێته‌وه كه هه‌موومان یه‌ك چاره‌نووس و مێژووی هاوبه‌شی پڕ له قوربانیدان و شانازیمان هه‌یه و ئومێدمان پێده‌خشێت كه به یه‌كگرتوویی و پێكه‌وه‌ییمان ده‌توانین خزمه‌تی زیاتری گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین.  
 
هه‌ڵه‌بجه‌ییه سه‌ربه‌رزه‌كان شایه‌نی هه‌موو پاداشت و خزمه‌تكردنێكن، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه چۆن له رابردوودا هه‌میشه له‌گه‌ڵتان بووین، ئێستاش به هه‌مان رۆحیه‌ته‌وه به‌رده‌وام ده‌بین و پارێزگاری له مافه‌كانتان ده‌كه‌ین.  
 
لای ئێمه هه‌ڵه‌بجه هیوایه بۆ ئاینده‌مان، ئامۆژگاریی سه‌رۆك مام جه‌لاله كه هه‌رچیمان له‌ده‌ستبێت ده‌بێت بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ی بكه‌ین و به‌پارێزگابوونیشی به‌رپرسیارێتیمان زیاتر ده‌كات، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه به دڵسۆزی و خه‌مخۆرییه‌وه وه‌ك یه‌ك تیم به پرۆژه و كاركردن خزمه‌تی خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی هه‌ڵه‌بجه بكه‌ین.   
 
هه‌ر شاد و سه‌ربه‌رزبن  
 
بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی  
سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان 
    
							
							
							
   
    
 
              
              					
              |