پەیامی مەسعود بارزانی لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە
   
    
    
        
       2025-04-14
         384 جار خوێنراوەتەوە
     
    
   
                
    
           مەسعود بارزانی بەبۆنەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە سوپاسی سەرۆکایەتی و ئەو ئەندام و فراکسیۆنانەی پەرلەمان دەکات کە دەنگیان لەسەر پڕۆژەیاساکەیان دا. هیواش دەخوازێت، بەپارێزگاکردنی شارەکە هەنگاوێک بێت "بۆ خزمەتکردن و بووژانەوەی زیاتری ئەم دەڤەرە قوربانیدەرەی کوردستان و ساڕێژبوونی برین و ئازارەکانی هاووڵاتیانی هەڵەبجە." 
  
دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی: 
  
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان 
  
دەستخۆشی و سوپاسی خۆم ئاراستەی سەرۆکایەتی و هەموو ئەو ئەندام و کوتلە سیاسیانەی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە ڕۆڵی ئەرێنیان بینی لە پەسەندکردنی پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە. هەروەها دەستخۆشی لە فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە بە یەکدەنگی و یەکڕیزی ئەو دەستکەوتەیان بۆ خەڵکی هەڵەبجە و کوردستانیان مسۆگەر کرد و هاوکاری یەکتر بوون بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی خۆشەویست و پێزانینم بۆ ڕۆڵی هەموو ئەو بەڕێزانە هەیە کە هەوڵیان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە داوە. 
  
هەروەها پیرۆزباییەکی گەرمیش لە خەڵکی خۆشەویستی هەڵەبجە و هەموو کوردستانیانی ئازیز دەکەم. 
  
هیوادارم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هەنگاوێک بێت بۆ خزمەتکردن و بوژانەوەی زیاتری ئەم دەڤەرە قوربانیدەرەی کوردستان و ساڕێژبوونی برین و ئازارەکانی هاووڵاتیانی هەڵەبجە. 
  
هەر لەو بۆنەیەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی کوردستان دەنێرین و هیوای خێر و خۆشی بۆ خەڵکی هەڵەبجە و هەموو کوردستانیان دەخوازین. 
  
مسعود بارزانی 
14ی نیسانی 2025 
    
							
							
							
   
    
 
              
              					
              |