عێراق شارێكی ئابوری تایبەت بە وزە دروستدەكات
2025-04-14
226 جار خوێنراوەتەوە
دەستەی وەبەرهێنانی نیشتیمانی عێراق هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ دامەزراندنی شارێکی ئابوری تایبەتمەند بە خزمەتگوزارییەکانی وزە. وتەبێژی دەستەكە دەڵێت، "ئامانجمان دامەزراندنی شارە ئابورییەکانە لە هەمو کەرتەکاندا، لەوانە وزە، پەیوەندییەکان، کارەبا و تەندروستی".
حەنان جاسم، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتیمانی ئەمڕۆ دوشەممە بە ڕۆژنامەی الصباح-ی ڕاگەیاند، دەستەكە گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی واژۆ کردوە بۆ ئامادەکردنی دەرفەتی وەبەرهێنان لە دروستكردنی شاری ئابوری ئەلتەیب لە پارێزگای میسان.
ئاماژەی بەوەشكرد، شارەکە تایبەتمەند دەبێت بە کەرتەکانی نەوت و گاز و وزە و بەپێی ئەو پێشنیازە جێبەجێ دەکرێت کە دەسەڵاتەکە پەسەندی کردوە.
وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتیمانی عێراق باسی لەوەشكرد، ئامانجی دەستەكە بریتییە لە دامەزراندنی شارە ئابورییەکان لە هەمو کەرتەکاندا، لەوانە وزە، پەیوەندییەکان، کارەبا و تەندروستی.
|