سوودانى: تاوانى ئەنفال قێزەونیی رژێمى پێشووى دەرخست
2025-04-14
140 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، تاوانى ئەنفال قێزەونی و رەگەزپەرستیى رژێمى پێشووى لە دژى گەلى عێراق و هێزە نیشتمانییەکانى دەرخست، "بە ئازارەوە یادى تاوانى رژێمى پێشوو دەکەینەوە لە هەڵمەتى بەدناوى ئەنفال و، ئەو کوشتارە دڕندانەى لەو هەڵمەتە دژى گەلى کورد کرا."
محەمەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس دەڵێت، "بە ئازارەوە یادى تاوانى رژێمى پێشوو دەکەینەوە لە هەڵمەتى بەدناوى ئەنفال و، ئەو کوشتارە دڕندانەى کە لەو هەڵمەتە دژى گەلى کورد کرا."
سوودانى ئاماژەى بەوە داوە، تاوانى ئەنفال "قێزەونی و رەگەزپەرستى"ی رژێمى پێشووى لە دژى گەلى عێراق و هێزە نیشتمانییەکانى دەرخست.
سەرۆکوەزیرانى عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، "برایەتى و پێکەوەژیانى ئاشتییانە بەسەر پاڵنەرەکانى رقلێبوونەوەدا سەرکەوت، کە بەعسى سەدامى دەیویست لەنێو گەلى عێراق و پێکهاتە هەمەجۆرەکەیدا بیچێنێت."
ئەمڕۆ یادى 37 ساڵەى هەڵمەتى ئەنفالى رژێمى پێشووى عێراقە لە دژى گەلى کورد، کە بە چەند قۆناغێک ئەنجامدرا و 182 هەزار هاونیشتمانیی کوردستان بە شێوازی جیاواز زیندەبەچاڵ و کۆمەڵکوژ کران.
|