مەسرور بارزانی: دەبێت عێراق کەسوکاری ئەنفال قەرەبوو بکاتەوە
   
    
    
        
       2025-04-14
         168 جار خوێنراوەتەوە
     
    
   
                
    
           سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێویستە بەغدا "کەسوکار و بنەماڵە و هەموو زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و هەموو ستەملێکراوانی دیکەی دەستی رژێمی بەعس، لەڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکاتەوە". 
  
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە (37)مین ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، بە رێزەوە یادی شەهیدان و قوربانییانی جێنۆسایدی (ئەنفال) دەکەینەوە، کە رژێمی پێشووی عێراق، بە دەیان هەزار خەڵكی بێتاوانی كوردستانی راپێچی بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کرد و لە گۆڕی بە کۆمەڵدا زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێنی كردن". 
  
دەشڵێت، "جێنۆسایدی ئەنفال، تاوانکارییەکی گەورە بوو لە دژی خاک و خەڵکی کوردستان ئەنجامدرا و تا ئێستاش، دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە هەر ماون" 
  
مەسرور بارزانی وتیشی، "پێویستە حکومەتی فیدراڵ، بە هەستکردن بە ئەرک و لێپرسراویەتی یاسایی و دەستووری و ئەخلاقی خۆیەوە، کەسوکار و بنەماڵە و هەموو زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و هەموو ستەملێکراوانی دیکەی دەستی رژێمی بەعس، لەڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکاتەوە". 
  
لەم یادەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی حکومەت "بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستان دووپات دەکاتەوە". 
ساڵی 1988 لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە زیاتر لە 182 هەزار منداڵ و ژن و پیاوی کورد لە شاڵاوی ئەنفالدا کرانە قوربانی؛ ئەمڕۆ 37 ساڵی بەسەردا تێپەڕی.  
    
							
							
							
   
    
 
              
              					
              |