لێدوانی قوباد تاڵەبانی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ

2025-04-13  184 جار خوێنراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە شاندێكی کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ئادەم سمیس، ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باس لە چەند پرسی گرنگی ناوخۆی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی شەممە (12/4/2025) بەڕێوەچوو، سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دۆخی سووریا و گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و دواین پەرەسەندنەکانی دیکەی ناوچە ئاڵۆگۆڕی بیروڕا کرا.

نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران بڵاویكردەوە، هەردوولا هاوڕابوون کە هێشتا تیرۆر و بە تایبەتیش گروپی تیرۆریستی داعش هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری کوردستان و عێراق. لەم چوارچێوەیەدا شاندەكەی کۆنگرێس جەختیان کردەوە لەسەر بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.

لەبارەی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیشەوە، جێگری سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، ڕاستە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت بە خێرایی ناچێتە پێش، بەڵام هەنگاوی زۆر باش نراوە و هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەیەکی بەهێز و کارا و یەکگرتوو ڕێک بکەون، کە هەم لە ئاستی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاوڵاتییاندابێت و هەم بتوانێت لەم قۆناغە ئاڵۆزەی ناوچەکەدا، سەقامگیری سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان بە باشی بپارێزێت.

سەبارەت بە پرسی نەوت و گازیش، جێگری سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە، کە حکومەتی هەرێم گەشبینە و هەموو هەوڵێکیش دەدات لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.

لەبارەی گازیشەوە، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، ئەولەوییەتی حکومەتی هەرێم لەم قۆناغەدا بەکارهێنانی گازە بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ كاتژمێری بۆ هاووڵاتییان و هەروەها دابینکردنی گازە بۆ بەکارهێنانی ماڵان و کارگە پیشەسازییەکان.

ئەندامانی دیکەی شاندەكەی کۆنگرێس پێکهاتبوو لە مایکل باومگارتنەر، ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوە و هەر یەکە لە سارا جاکۆبس، جۆرج وایتسایدز و وێسلی بێڵ لە ئەندامانی لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە