لە هەڵەبجە وەک یەکەم شوێن کۆبۆنی خۆراک دەکرێتە ئەلیکترۆنی
2025-04-13
323 جار خوێنراوەتەوە
بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەڵەبجە دەڵێت، عێراق فۆڕمێکی خۆراکی بۆ ناردوون و لە هەفتەی داهاتوودا ئەپلیکەیشنەکە چالاک دەبێت بۆ نوێکردنەوەی زانیارییەکانی بەشەخۆراکی مانگانەی هاونیشتمانییان.
مەریوان هادی بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەڵەبجە رایگەیاند، "هەڵەبجە پارێزگایەکی بچووکە، سەرەتا پرۆسەکە لێرە دەستپێدەکات. هەر کەسێکیش کارتی نیشتمانی نەبێت، بەشەخۆراکی مانگانە وەرناگرێت."
وتیشی، "فۆڕمەکە زیاتر لە 500 پرسیاری تێدایە، هەفتەی داهاتوو ئەپلیکەیشنەکە چالاک دەبێت بۆ نوێکردنەوەی زانیارییەکان، دواتر لە رێگەی ئەپلیکەیشنەوە بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگیرێت."
بڕیارەکە بۆ تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستانە. بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی هەڵەبجە وتی، "هەڵەبجە وەکو یەکەم پارێزگا دەستیپێکرد، ئامادەکاریمان کردووە و هەموو داواکارییەکانی بەغدامان جێبەجێ کردوون. لە ماوەی یەک هەفتە بۆ دوو هەفتەی دیکەدا لە هەموو هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات."
لە پارێزگای هەڵەبجە 250 بریکاری خۆراک هەن. بە وتەی مەریوان هادی، "لە پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی 120 هەزار کەس مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە بەشەخۆراک وەردەگرن."
حکومەتی عێراق بڕیاری داوە، ئەوەی کارتی نیشتمانی نەبێت، بەشەخۆراکەکەی دەبڕدرێت، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر دەڵێت، "ئەمە بۆ سەلماندنی بوونی ئەو کەسەیە کە بەشەخۆراک وەردەگرێت تاوەکو بریکارەکان نەتوانن بەشەخۆراکی هاووڵاتیان ببەن، هەروەها راگرتنی بەشەخۆراکی ئەوانەی کارتی نیشتمانییان نییە کاتی دەبێت و هەرکات کارتەکەیان دەرهێنا، بەشەخۆراکەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە."
لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە یەک ملیۆن و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە یەک ملیۆن و 320 هەزار کەس.
|