مەزڵووم عەبدی و شاندێکی حکومەتی سووریا کۆبوونەوە

2025-04-12  247 جار خوێنراوەتەوە

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و شاندێکی حکومەتی سووریا کۆبوونەوە.
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، مەزڵووم عەبدی لەگەڵ شاندێکی حکومەتی سووریا بە سەرۆکایەتیی حوسێن سەلامە، کۆبووەتەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێک، لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی تەواوکردنی بەندەکانی رێککەوتننامەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع کراوە: "هەروەها باس لە پێویستیی بەردەوامبوونی کەمکردنەوەی گرژی و راگرتنی شەڕ لە سووریا کراوە، لەوانەش دوورخستنەوەی بەنداوی تشرین لە هێرشە سەربازییەکان."
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ تاوتوێکردنی گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانە کراوەتەوە کە بە زۆرەملێ لە هەموو ناوچەکانی سووریا ئاوارە کراون.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ناوی ئەندامانی ئەو لیژنەیەش ئاشکرا کرا کە نوێنەرایەتیی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەکەن لە دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و لە ماوەیەکی کورتدا دەست بە کارەکانی دەکات.
 
ئەندامەکان پێکهاتوون لە فەوزە یوسف، عەبد حامید مەهباش، ئەحمەد یوسف، سەنحاریب بەرسۆم، سوزدار حاجی. گوتەبێژەکانی لیژنەکەش مەریەم ئیبراهیم و یاسر سلێمان دەبن.
 
رۆژی 10ـی ئاداری 2025، رێککەوتنێکی 8 خاڵی لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆ کرا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە