هاكان فیدان: لەگەڵ ئیسرائیل گفتوگۆ دەكەین بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان

2025-04-10  211 جار خوێنراوەتەوە

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی لە کاتی پێویستدا گفتوگۆی تەکنیکی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی سوریا و زۆر گرنگە ڕێگە بدەین سوریا سیاسەتی بەرگری، سیاسەتی دەرەوە و کاروباری ناوچەیی خۆی دابڕێژێت. دەشڵێت، "ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و نائەمنی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی لە کاتی پێویستدا گفتوگۆی تەکنیکی لەگەڵ ئیسرائیل دەکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی سوریا و ئێمە بەنیاز نین بچینە ناو ململانێ لەگەڵ هیچ وڵاتێک لە سوریا، نە ئیسرائیلیش. سوریا وڵاتێکی سەربەخۆیە، ئێستاش ڕوبەڕوی سوریایەکی نوێ بوینەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆر گرنگە ڕێگە بدەین سوریا سیاسەتی بەرگری، سیاسەتی دەرەوە و کاروباری ناوچەیی خۆی دابڕێژێت. لە دۆخێکی وەهادا قبوڵ ناکرێت ئیسرائیل هەوڵی وروژاندنی ئیستفزازی لە سوریا بدات بە بەکارهێنانی بەشێک لە ویستە فراوانخوازییەکانی لە ناوچەکەدا".

وەزیری دەرەوەی توركیا باسی لەوەشكرد، "وەک هەمیشە وتومانە كە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێستای ئیسرائیل خزمەت بە ئاسایشی سوریا و ئیسرائیل ناکەن. لە درێژخایەندا ئەمە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و نائەمنی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە ئێمە لە تورکیا پێویستە ئەم کێشەیە لە خاڵێکی دیاریکراودا نەهێڵین پێش ئەوەی دەستپێبکات، لە ڕێگەی ڕێوشوێنی پێشوەختە و دیپلۆماسی و ڕێوشوێنی دیکەوە."

وتیشی، ئێمە لە زۆر بواردا هاوکاریمان لەگەڵ سوریا هەیە، حکومەتی نوێش لە سوریا پێکهێنراوە. ئەوان سوپاکەیان پێکەوە کۆدەکەنەوە. ئەمە تەنها سەرەتایەکە. هەنگاوگەلێک هەن کە دەبێت ئەم حکومەتە نوێیە بیگرێتەبەر و خزمەتگوزارییەکان کە دەبێت لە زۆر بواردا پێشکەش بکرێن، وەک بازرگانی، بانکی، ئابوری، ژێرخان، و سەرپەرشتی، بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بە خەڵکەکەی.

ڕونیشیكردەوە، "ئەو لێکتێگەیشتنەی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین بۆ سوریا لە ڕاستیدا لێکتێگەیشتنێکە لەسەر بنەمای سەقامگیری و خۆشگوزەرانی. تا ڕادەیەکی دیاریکراوی هاوکاری ئەمنی لەم ڕوەوە دەبێت و لە چوارچێوەی شەڕی دژی تیرۆردا دەبێت. وەک وتم هەر لە سەرەتاوە ڕامانگەیاند کە شەڕی تیرۆر کێشەیەکی ناوچەییە، و دەستپێشخەری پێویستمان لەو بارەوەكردوە".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە