لێدوانی نوێی ئەمریکا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم

2025-04-10  300 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، گرنگە حکومەتی عێراق و لایەنەکانی دیکە رێکبکەون بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆریی عێراق- تورکیا دەستپێبکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی زیانەکانی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەمیدیای پارتی رایگەیاند، "وەستانی هەناردەکردنی نەوت کاریگەری لەسەر گەشەی ئابووری عێراق دروست دەکات، رێگری لە سەقامگیری ئابووری ناوچەکە و هەڕەشە لە هەلی کاری ئەو ئەمریکییانە دەکات کە ئەم بۆرییە دروستی کردوون."
 
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، هانی عێراق دەدات دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان خێرابکات بۆ ئەوەی زێڕە رەشەکە بگاتەوە بازاڕەکانی جیهان، بەڵام تاوەکو ئێستا گفتوگۆی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان بە ئەنجام نەگەیشتوون. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، "حکومەتی عێراق دەبێت پابەندی نێوەڕۆکی گرێبەستە هەنووکەییەکانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بێت."
 
باس لەوەش دەکات، "بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا رۆلێکی گرنگ لە وزەی هەرێمی کوردستانی عێراق دەگێڕێت و سوود بەو کۆمپانیا ئەمریکییانە دەگەیێنێت کە لەوێ کار دەکەن."
 
هەروەها دەڵێت، ئەمریکا ئامادەیە دەرفەتە بازرگانییەکانی لە عێراق بەرەوپێشەوە ببات، ئەگەر هەموو لایەنەکان کار لەسەر چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و هەناردەکردنەوەی نەوت بکەن.

هەناردەی نەوتی کوردستان لە 25-03-2023ـەوە راگیراوە و هێشتا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەکراوەتەوە، زۆرترین ناکۆکی لەسەر میکانزمی پارەدان بە کۆمپانیاکان و گەرەتنیکردنی دانەوەی قەرزەکانیان و پارەی داهاتوویانە.  


   ئەمانەش بخوێنەرەوە