بەسەرپەرشتی سودانی دوو ڕێککەوتن لە نێوان ئەمریکا و عێراق واژوو کرا
2025-04-09
248 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، سەرپەرشتی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی دوو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بواری کارەبا و یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو ژووری بازرگانی عێراق و ئەمریکا دەکات
دەقی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی سودانی:
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە سەرپەرشتی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی کرد لە چوارچێوەی بنەماکانی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای( جی ئی ڤێرنۆڤا / GE VERNOVA )کە بریتییە لە پڕۆژەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی گازی تێکەڵاو تا 24 هەزار مێگاوات، لە پلانێکدا بە گەورەترین و نوێترین پلان لە مێژووی عێراقدا دادەنرێت لەگەڵ ئەگەری دەستەبەرکردنی دارایی دەرەکی لە بانکە جیهانییەکانەوە.
هەروەها لە دۆسیەی کارەبادا، بەڕێزیان سەرپەرشتی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتنامەی دووەمی کرد کە بریتییە لە بنەماکانی هاوکاری نێوان وەزارەتی کارەبا و کۆمەڵەی (UGTRenewable) بۆ دامەزراندنی پڕۆژەیەکی یەکخراوی وزەی خۆر بە توانای (3000) مێگاوات، سیستەمی عەمبارکردنی وزەی پاتری تا 500 مێگاوات لە کاتژمێرێکدا، و مۆدێرنکردنی هێڵەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا و نوێکردنەوەی (1000 کیلۆمەتر) لە ژێرخانی نوێ بۆ گواستنەوەی تەزووی ڕاستەوخۆی ڤۆڵتی، جگە لە ماوەی دوو ساڵ گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و ڕاهێنان و بەکارهێنان و چاودێریکردن، کە لەلایەن بانکی هەناردە و هاوردەی ئەمریکا و دەزگای هەناردەکردنی بەریتانیا، و بانکی جەی پی مۆرگان وەک بانکی ڕێکخەر دارایی دەکرێت.
بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرپەرشتی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی سێیەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان فیدراسیۆنی ژووری بازرگانی عێراق و ژووری بازرگانی ئەمەریکای کرد لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هاوکاری ئابووری دوولایەنە.
یاداشتنامەکە نۆ ماددە لەخۆ دەگرێت لە بوارەکانی فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دامەزراوەکان و کۆمپانیاکان و ڕێکخراوەکان و بازرگانانی عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و هاریکارییەکان و زانستی و تەکنەلۆژیا و گرنگیدان بە پەرەپێدانی هاوکاری نێوان کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکانی هەردوو وڵات.
|