کۆمەڵ و یەکگرتو چالاكیی هاوبەش بۆ پشتیوانی غەززە ئەنجام دەدەن

2025-04-09  211 جار خوێنراوەتەوە

لیژنەی هاوبەشی کۆمەڵ و یەکگرتو كۆبونەوەو ڕایانگەیاند، بە توندی سەركۆنەی تاوانەكانی ئیسرائیل دەكەن لە كەرتی غەززە ئەنجامی دەدات و سەركۆنەی پشتیوانی دارایی و لۆجستی دەوڵەتانی زلهێزیش بۆ غەززە دەكەن و لە كۆبونەوەكەدا بڕیار درا كە لە ڕۆژانی داهاتو زنجیرەیەك چالاكیی هاوبەش لەو پێناوەدا ئەنجام بدرێت.

هاوبەشی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان و یەكگرتوی ئیسلامیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا بڵاویانكردەوە، لیژنەی هاوبەشی نێوان یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان كۆبونەوەیەكی تایبەتی ساز كرد سەبارەت بە وەرگرتنی هەڵوێست بەرامبەر تاوانەكانی كۆمەڵكوژیی ئیسرائیل دژ بە خەڵكی غەززە.

ئاماژەی بەوەشكرد، "بۆ زیاتر لە ساڵ و نیوێكە هێرش و پەلامارەكان بۆ سەر كەرتی غەززە درێژەی هەیە و هێزەكانی سوپای ئیسرائیل بەشێوەیەكی بەرنامەبۆداڕێژراو و بە دڕندانەترین شێوە، بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی خەڵكی بێ دفاع و ژن و منداڵ و شوێنەگشتییەكانی وەكو نەخۆشخانە و قوتابخانە و مەڵبەندەكانی پەنابەران و ئاوارەكان و شوێنە ئایینییەكان و هەمو هۆكارێكی ژیان و شارستانیی كەرتی غەززە".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "وێڕای سەپاندنی گەمارۆ و قەدەغەكردنی گەیشتنی ئاو و خۆراك و دەرمان و هاوكارییە مرۆییەكان، مەخابن لەم ماوەیەدا كۆمەڵكوژییەكە پێی ناوەتە قۆناغ و دۆخێكی زۆرمەترسیدارەوە.

ئەو دو حزبە باسیان لەوەشكرد، وەكو ئەركێكی ئایینی و مرۆیی، زۆر بە توندی سەركۆنەی ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییانە دەكەین كە سوپای داگیركەر ئەنجامی دەدات، كە پێشێلكردنی ئاشكرای هەمو یاسا و ڕێسایەكی ئاسمانی و مرۆییە".

ئەوەشیخستەڕو، "سەركۆنەی ئەو پشتیوانییە دارایی و لۆجستییە دەكەین كە دەوڵەتانی زلهێز لە داگیركەری دەكەن، كە بەبێ پشتیوانیی ئەوان، ناتوانێ ئەو پێشێلكارییە نامرۆڤانانە ئەنجام بدات.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "ئەوەی كە لە غەززە ڕو دەدات، تەنیا شەڕ و كێشەیەكی چەكداری و سیاسیی نێوان دو لایەن نییە، بەڵكو گەورەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە كە بە بەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بێدەنگی و بێهەڵوێستیی دامەزراوەكانی پەیوەندیدار بە پاراستنی مافەكانی مرۆڤەوە ئەنجام دەدرێت".

كۆمەڵ و یەكگرتو جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی، "نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەنجومەنی ئاسایش و دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامییەكان، بە زوترین كات هەمو جۆرە گوشارێكی پێویست بخەنە كار، بۆ ڕاگرتنی ئەو كۆمەڵكوژییە و كردنەوی دەروازەكانی گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان بەشێوەیەكی فراوان بۆ خەڵكە ئاوارەكە، هەروەها ڕێگرتن لە پیلان و هەوڵەكانی ڕاگواستنی زۆرەملێی دانیشتوانەكەی".
بەرەنگاربونەوەی ستەم و بەرگریكردن لە ستەملێكراوان ئەركێكی ئینسانیە
ئەو حزبە دەشڵێن، "ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە بەرەنگاربونەوەی ستەم و بەرگریكردن لە ستەملێكراوان، لە هەرنەتەوە و نەژاد و ئایینێك بن، ئەركێكی ئینسانی و ئیسلامی و ئەخلاقیی ئێمەیە وەكو خەڵكی كوردستان، كە ساڵانێكی زۆر خۆمان گیرۆدەی ستەم و تاوانی كۆمەڵكوژی و ڕاگواستن بوین، بۆیە لە هەمو لایەك زیاتر هەست بە ئێش و ئازاری لێقەوماوان دەكەین و بە هەمو توانایەك ئامادەی هەمو جۆرە هاوكاری و پشتیوانییەكین وەك ئەركێكی ئیسلامی و ئەخلاقی و ئینسانیی خۆمان بۆ خەڵكی ستەمدیدەی غەززە".

دەشڵێن، "لەو پێناوەدا داوا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەین، هەرچی زوترە سنورێك بۆ ئەو كۆمەڵكوژی و گەمارۆ زاڵمانە دابنێن و بەپێی بڕیارەكانی دادگای تاوانەكان و لێبوردنی نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوەی جیدی دەست پێ بكرێت و ئیجرائاتی پێویست دەرهەق بە دەسەڵاتدارانی ڕژێمی زایۆنی ئەنجام بدرێت".
داوا دەكەین دەستبەجێ كۆتایی بەو مەرگەساتە بهێنرێت
جارێكی تر زۆر بە توندی سەركۆنەی ئەو بێهەڵوێستی و بێدەنگییە گوماناوییە دەكەین كە ناگونجێت لەگەڵ بەهاو پێوەرەكانی مافی مرۆڤ و یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەكان، داوا دەكەین دەستبەجێ كۆتایی بەو مەرگەساتە بهێنرێت كە بەرامبەر خەڵكی بێ دیفاعی غەززە ئەنجام دەدرێت.

هەروەك چۆن لە ڕابردو هەردولا پشتیوان و هاوسۆز و هاوكار بون بۆ دۆزی ڕەوای فەلەستین و دانیشتوانی كەرتی غەززە بە ماددی و مەعنەوی. هەر لە كۆبونەوەكەدا بڕیار درا كە لە ڕۆژانی داهاتو زنجیرەیەك چالاكیی هاوبەش لەو پێناوەدا ئەنجام بدرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە