"هەر پۆلیسێکی پاسەوانی بڕی ٦٠ هەزار دیناری لێ دەبڕێت"
2025-03-29
123 جار خوێنراوەتەوە
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ٢٩ ی ئازاری ٢٠٢٥ موچەی مانگی سێی پۆلیسی بەرگری و فریاکەوتن دابەشبکرێت، بەڵام بڕیاردراوە هەر پۆلیسێک بڕی ٦٠ هەزار دیناری لێ ببڕدرێت.
سەرچاوەیەکی پۆلیسی پاسەوانییەکانی کۆمەڵی دادگەریی بە ٧ڕۆژی وت، لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی بەرگریی و فریاکەوتنەوە کە بارەگاکەی لە ناوچەی کانی گۆمەیە لە سلێمانی، پۆلیسی پاسەوانی بارەگای هێزە سیاسییەکان ئاگادارکراونەتەوە کە لەم مانگەوە هەر پۆلیسێک بڕی ٦٠ هەزار لە موچەکانیان دەبڕدرێت.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی" بڕیارەکە بە شێوەی زارەکی بە پۆلیسی پاسەوانی وتراوە بەبێ ئەوەی بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەو بابەتە بوونی هەبێت.
راشیگەیاند خواردنی ڕۆژانەی پۆلیسی پاسەوانی بارەگای هێزە سیاسییەکان لەسەر خۆیانە و هەمویان لەو بارەگایانە نان دەخۆن کە پاسەوانی دەکەن، بەڵام لە کانی گۆمەوە پێیانوتراوە، ئەو ٦٠ هەزار دینارەی لێتان دەبڕدرێت، بۆ نانخواردنە.
ئەم بڕیارەش ناڕەزایەتی لەناو پۆلیسی پاسەوانییدا دروستکردووە و دەڵێن" ئێمە کە خواردنی ڕۆژانەمان لەسەر حیزبەکانمانە، بۆچی دەبێت بە بڕیارێکی سەرپێیی و نایاسایی ٦٠ هەزار دینار لە موچەکانمان ببردرێت.
سەرچاوەکە ئاماژە بەوەشدەکات بڕیارەکە حیزبییە و دەستی یەکێتی لەپشتە و دەیانەوێت بەو پارەیە، خواردنی پۆلیسی فەرمانگە حکومییەکان دابیبن بکرێت لەکاتێکدا پۆلیسی فەرمانگە حکومییەکان مانگانە بڕێک لە موچەکانیان بۆ هەمان مەبەست دەبڕدرێت.
پۆلیسی پاسەوانی بارەگای هێزە سیاسییەکان ژمارەیان زیاتر لە حەوت هەزار کارمەندە و، ئەم بڕیارە ناڕەزایەتی گەورەی دروستکردووە و بەپێی زانیارییەکان، سەدان پۆلیسی پاسەوانی بڕیاریانداوە وەک ناڕەزایەتییەک سبەی موچە وەرنەگرن.
|