قایمقامی پشدەر: هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵی ترانزێتی مادەی هۆشبەرە
2025-03-28
232 جار خوێنراوەتەوە
قایمقامی قەزای پشدەر دەڵێت، بەهۆی بۆشایی خاڵە سنوورییەکان، بازرگانانی مادەی هۆشبەر بە ئاسانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەکەن؛ وتیشی، ''پێچەوانەی بۆچوونی باو، ناوەندی شارە گەورەکان شوێنی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرە و ئالوودەبووانە، نەک ناوچە سنوورییەکان.''
ئەبوبەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر رایگەیاند، ''ئامارەکان ساڵانە بەرزدەبنەوە و هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوە نییە کە بەرەو چارەسەرێکی گونجاو بڕۆین.''
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکانی عێراق، ساڵی رابردوو شەش تۆن و 183 کیلۆگرام حەب و مادەی هۆشبەر لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیان بەسەردا گیراوە. ئەبوبەکر بایز دەڵێت، ''پێچەوانەی بۆچوونی باو کە فۆکەس لەسەر ناوچە سنوورییەکانە، ئێستا ناوەندی شارە گەورەکان زیاتر بوونەتە شوێنی بەقاچاخبردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر''.
بەوتەی قایمقامی قەزای پشدەر، کۆمەڵێک گرفت لە هەرێمی کوردستان لە بەردەم پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەکانە، ئەگەر چارەسەر نەکرێن، ئەوە هیچ کات پڕۆسەکە سەرکەوتوو نابێت. "یەکێک لە گرفتەکان هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستانە کە لەنێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەری مادەی هۆشبەر هەڵکەتووە و کەوتووەتە سەر هێڵی ترانزێتی جیهانیی مادەکە."
ئەبوبەکر بایز، بۆشایی خاڵە سنوورییەکان بە گرفتێکی دیکەی بەردەم پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەزانێت و دەڵێت، ''لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین، سنوورەکان کراوەن، جگە لە کۆمەڵێک خاڵی فەرمی یان نیمچە فەرمی کە هێزە ئەمنییەکان، پاسەوانانی سنوور و گومرگ تێیدا سەقامگیر کراون، بەشەکانی دیکە چاودێری ناکرێن، بۆیە بازرگانانی ئێرانیی مادەی هۆشبەر بە ئاسانی هاتووچۆیان تێدا دەکەن''.
قایمقامی پشدەر میکانیزمی رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان بە میکانیزمێکی ''کۆن و چاولێکەرانە'' زانی و وتی: ''هیچ میکانیزمێکی زانستی نییە کە پشت بە تەکنۆلۆژیای سەردەم ببەستێت، لە هەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوە و بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر زیاتر پشت بە سەرچاوەی مرۆیی بەستراوە.''
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2024، دوو هەزار و 559 تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، کە هەزار و 390 لەوانە بەکارهێنەر بوون و هەزار و 169ـشیان فرۆشیار یان بازرگان بوون.
هەرلەو ماوەیەدا لە هەرێمی کوردستان، یەک تۆن و 152 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆر، دوو تۆن و 7 کیلۆگرام حەبی کەپتاگۆن و 42 هەزار و 373 شیت حەبی ترامادۆڵ دەستیان بەسەردا گیراوە.
|