عەلی زەیدی: خۆم قایمقامێک بۆ شنگال دادەنێم

20   خولەک پێش ئێستا  22 جار خوێنراوەتەوە

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی نەینەوا پێی راگەیاندوون، کە خۆی کەسێکی سەربەخۆ بۆ پۆستی قایمقامی شنگال دادەنێت.

محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کە بەشداربووە لە کۆبوونەوەکە، رایگەیاندووە، سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی پێیوتوون، بەهۆی ئەوەی لەسەر پۆستی قایمقامی شنگال رێکنەکەوتوون، خۆی کەسێکی سەربەخۆ بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکات.

خالید سەیدۆ، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە خەڵکی قەزای شنگالە، بە رووداوی راگەیاند،  عەلی زەیدی ئەوەشئ وتووە"لە رێککەوتن لەسەر ئەو پۆستە دواکەوتوون و منیش پێویستم بەوەیە شنگال قایمقامێکی هەبێت، خۆم بەدوای کەسێکی سەربەخۆدا دەگەڕێم بۆ ئەو پۆستە دایدەنێم".

یەکی تەممووزی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکی 20 یەکەی کارگێڕیدا کرد، کە یەکێکیان قایمقامی شنگال بوو، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی لایەنەکان لەسەر گۆڕانکارییەکان، پارێزگاری نەینەوا فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ قایمقامی شنگال دەرنەکرد.

بە وتەی خالید سەیدۆ، ئەو ئاماژەیەی عەلی فالح زەیدی وەک پەیامی گوشار بووە بۆ سەر ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی قایمقامی شنگال بەوپێیەی رێکاری یاسایی خۆی هەیە.

بەگوێرەی یاسای پارێزگاکانی عێراق، دەبێت پۆستی قایمقام لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگاوە دەنگی لەسەر بدرێ، نەک لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دابنرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە