هەیبەت حەلبوسی داوا دەکات نەوت بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بنێردرێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
63 جار خوێنراوەتەوە
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق فشارەکانیان بۆ سەر حکومەتی فیدراڵیی عێراق چڕ دەکەنەوە بە مەبەستی دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان پێش هاتنی سەرمای زستان، سەرۆکی پەرلەمانیش نووسراو بۆ وەزارەتی نەوت دەکات.
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد کە وێنەیەکی دەست ٧ڕۆژ کەوتووە؛ تێیدا داوا دەکات وەزارەتی نەوت بەپەلە پشکی نەوتی سپیی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
لە نووسراوەکەدا کە بە واژۆی هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاراستە کراوە، ئاماژە بە هاتنی وەرزی زستان و سەرمای تووندی ناوچە شاخاوییەکان دراوە، بڕی نەوتی داواکراویش بە 260 ملیۆن لیتر دیاریکراوە کە بەم شێوەیە دابەش دەبێت:
•140 ملیۆن لیتر بۆ پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک.
•120 ملیۆن لیتر بۆ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە.
لە پەراوێزی نووسراوەکەدا، هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە بۆ ئاراستەکردنی داواکارییەکە بۆ وەزارەتی نەوت بە مەبەستی دابینکردنی ئەو پشکە.
هاوکات سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی وتووە: "لە ئاستی باڵا داوای دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان کراوە؛ لەوانە رۆژی 18ی ئەم مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای کردووە، هەروەها مانگێک لەمەوبەریش سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق راسپاردەی داوەتە وەزارەتی نەوت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتەکە بە فەرمی وەڵامی نەداوەتەوە.
|