ئەگەر شەوان درەنگ نان بخۆین توشی چی دەبين؟

55   خولەک پێش ئێستا  17 جار خوێنراوەتەوە

خواردنی ژەمی شەو لە کاتێکی درەنگدا (بەتایبەت کاتێک کەمتر لە ۲ بۆ ۳ کاتژمێر پێش خەوتن بێت) دەکرێت کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستیی جەستە هەبێت لێرەدا دیارترین ئەو کێشە و کاریگەریانە دەخەینە ڕوو کە ڕەنگە تووشیان ببیت:

١- کێشەی هەرسکردن

* گەڕانەوەی ترشەڵۆکی و دڵەکزێ: پاڵکەوتن بۆ خەوتن ڕاستەوخۆ دوای خواردن هانی تڕشەلۆکی گەدە دەدات بۆ بەرزبوونەوەی بۆ ناو سورێنچک، ئەمەش دەبێتە هۆی سووتانەوە و هەستێکی ناخۆش.

* هەرس نەکردن و ئاوسانی گەدە: هەرس لەکاتی خەوتندا خاو دەبێتەوە و دەبێتە هۆی قورسبوونی گەدە و کۆبوونەوەی غازات.

٢- تێکچوونی خەو

*کەمبوونەوەی کوالێتی خەو: جەستە ناچارە هەوڵی زیاتر بدات بۆ هەرسکردنی خۆراک لەبری پشوودان، ئەمەش ڕێگری دەکات لە گەیشتن بە قۆناغەکانی خەوی قووڵ و دەبێتە هۆی زۆر بەئاگابوونەوە.

* بێهێزی بەیانیان: تێکدانی سوڕی خەوتنت لە شەودا وادەکات بە ماندووبوون لە خەو هەڵبستیت و ڕۆژی دواتر وزەت کەم دەبێتەوە.

٣- تێکچوونی میتابۆلیزم و زیادبوونی کێش

* زیادبوونی کێش و قەڵەوی: کارایی میتابۆلیزم (سووتاندنی کالۆری) لە ئێواراندا کەمدەبێتەوە، هەروەها درەنگ نان خواردن هۆڕمۆنی تێربوون کەمدەکاتەوە و ئارەزووی خواردنی زۆر کالۆری زیاد دەکات.

*زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە: بە بەردەوامی خواردنی درەنگ خواردنی ئێوارە پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی ئاستی گلوکۆز و ئەنسۆلین هەیە، کە هەستیاری ئەنسۆلین کەمدەکاتەوە و دەبێتە هۆی بەرگری ئەنسۆلین.

٤- مەترسییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان
*خواردنی بەردەوام لە درەنگانی شەودا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی چەوری خوێن و بەرزبونەوەی پەستانی خوێن لە کاتی خەوتندا، وردە وردە ئەگەری تووشبوون بە ڕەقبوونی خوێنبەرەکان و نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات.


پرۆفيسۆری ياريدەدەر د.هێمن محمد مصطفی
پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی هەناو و دڵ


   ئەمانەش بخوێنەرەوە