هەناردە و داهاتی نەوتی عێراق دەگاتەوە ئاستی پێش داخستنی هورمز
1 کاتژمێر پێش ئێستا
144 جار خوێنراوەتەوە
شارەزایەکی ئابووری دەڵێت، ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ نزیکەی پێش داخستنی گەرووی هورمز گەڕاوەتەوە و داهاتەکەشی خەریکە ئاسایی دەبێتەوە، ئەمەش هەنگاوێکی باشە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی.
نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری لە عێراق رایگەیاند: “سەرەڕای ئەو بەربەست و داشکاندنە نرخە گەورەکانەی کە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق (سۆمۆ) پێشکەشی دەکات بۆ نەوتی هەناردەکراو لە ڕێگەی گەروی هرمزەوە کە لە هەندێک حاڵەتدا بۆ هەر بەرمیلێک دەگاتە نزیکەی 37 دۆلار، بەڵام نرخی فرۆشتنی سافی هەر برمیلێک نەوتی خاوی عێراقی لە ئێستادا لە دەوروبەری 65 دۆلاردایە.
مەرسوومی دەشڵێت: لە لایەکی ترەوە، لەگەڵ گەڕانەوەی کەشتییە نەوتییەکانی خەلیج و عێراق بۆ زیاتر لە 80%ی ئاستەکانی پێش داخستنی گەرووی هرمز، پێشبینی دەکرێت کۆی هەناردەی نەوتی عێراق لەم مانگەدا بگاتە نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
بە پێی پێشبینی ئەو شارەزا ئابوورییە، ئەم گەشەسەندنە خێرایە لە قەبارەی هەناردە و نرخە گونجاوەکان، وای لێدەکات کە داهاتی نەوتی عێراق لەم مانگەدا ئاستێکی نزیک لەو داهاتانە تۆمار بکات کە عێراق پێش داخستنی گەرووەکە بەدەستی دەهێنا، ئەمەش گورزەیەکی ئابووریی بەهێزە بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و بەدیهێنانی هاوسەنگیی بودجە.
|