بۆچی لە پاییزدا نەخۆشیەکانی پێست زیاد دەکات؟

1     کاتژمێر پێش ئێستا  20 جار خوێنراوەتەوە

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایدەگەیێنێت، لەگەڵ هاتنی وەرزی پایزدا بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە، نەخۆشییەکانی پێست، بەتایبەتی ئەکزیما، گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و چالاکتر دەبن.

د. سایە سامی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایگەیاند، دوو جۆری سەرەکیی ئەکزیما هەن کە لە پاییزدا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت: ئەکزیمای وشک زیاتر لە منداڵاندا باوە، ئەکزیمای چەور زیاتر لە گەنجان و کەسانی پێگەیشتوودا دەردەکەوێت.

ئەکزیمای وشک

د. سایە سامی دەڵێت، ئەکزیمای وشک لە منداڵاندا بە خورانێکی زۆر لە روومەت و دەموچاویدا دەستپێدەکات و دواتر بۆ ژێر ئانیشک و رانەکان دەگوازرێتەوە، ئەم جۆرە لە پاییز و زستاندا بەهۆی کەمیی شێ و بەکارهێنانی ئامێری گەرمکەرەوە، خراپتر دەبێت.

بۆ خۆپاراستن، رێنوێنی دەدات کە بەردەوام شێدارکەرەوە بەکاربهێندرێت، ماوەی خۆشووشتن کورت بێت و ئاوی شلەتێن بەکاربهێندرێت، راستەوخۆ دوای خۆشووشتن کرێمی شێدارکەرەوە بۆ دەموچاو و جەستە بەکاربهێندرێت، پۆشینی جلوبەرگی لۆکە و دوورکەوتنەوە لە خوری یارمەتیدەرە، چونکە خوری پێست وشک دەکاتەوە و دەبێتە هۆی خوران.

ئەکزیمای چەور 

بە وتەی د. سایە سامی، ئەکزیمای چەور بە شێوەیەکی جیاواز لە پاییزدا گۆڕانی بەسەردا دێت، کەمیی تیشکی خۆر، سەرما و فشاری دەروونی دەبنە هۆی کۆبوونەوەی چەوری و دروستبوونی قەتماخە لە پێستی سەر، دەوروبەری لووت، نێو ریش و هەندێکجار پێستی سەر سنگ.

بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم جۆرە ئەکزیماییە، پێویستە ئەو کەسانە زیاتر خۆیان بشۆن، بەلایەنی کەمەوە هەفتەی سێ جار، هەروەها دەبێت جلوبەرگی خوری لەبەرنەکەن، چونکە دەبێتە هۆی خوران و هەوکردنی پێست.

ئاسان فەرهاد


   ئەمانەش بخوێنەرەوە