هەرێمی کوردستان هێرشی حوسیەکان بۆ سعودیە ئیدانە دەکات
53 خولەک پێش ئێستا
24 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هێرشەکەی دوێنێی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالیدی لە شاری ریاز سەرکۆنە کرد و جەخت لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکاتەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لە بارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە سعودیە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین کە دوێنێ شەممە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریازی پایتەختی عەرەبستانی سعودیە و ژمارەیەک قوربانی و برینداری لە نێو خەڵکدا لێکەوتەوە."
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "پشتیوانی و هاوسۆزیمان لەگەڵ شانشینی عەرەبستانی سعودیە دووپات دەکەینەوە و جەخت لە پێویستیی پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل، راگرتنی گرژییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەینەوە."
دوێنێ شەو حووسییەکانی یەمەن لەرێگەی درۆن و مووشەکی بالیستییەوە هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی شا خالید لە ریازی پایتەختی سعودیە.
بەوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەهۆی هێرشەکەوە، 12 کەس کوژران و زیاتر لە 300 کەسی دیکەش برینداربوون کە یەکێک لە کوژراوەکان هاووڵاتییەکی ئەمریکییە.
|