" بەغدا دەیەوێت 100%ـی داهاتی دەروازەکان ببات"

1     کاتژمێر پێش ئێستا  31 جار خوێنراوەتەوە

حکومەتی فیدراڵیی لە نووسراوێکی فەرمیدا بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بڕگەیەکی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدای لەبارەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان گۆڕیوە و داوای 100%ـی داهاتەکە دەکات، شاندی هەرێمی کوردستانیش ئەو هەنگاوە بە "سەرپێچیی یاسایی و رێگری لە رێککەوتن" دادەنێت.

سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری سیستەمی (ئەسیکۆدا) لە هەرێمی کوردستان، وردەکاریی دواین کۆبوونەوەکانی لە بەغدا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی سێ تەوەری سەرەکی دووشەممەی رابردوو سەردانی بەغدایان کردووە.

سامی جەلال بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە، سێ خاڵ مابوون لەسەری نەگەیشتبووینە رێککەوتن و لە گفتوگۆدابوون و ئەوانیش: "یەکەمیان پرسی دەروازە نافەرمییەکان بوو کە حەوت دەروازە لە هەرێمی کوردستانە و بە فەرمی هەژمار دەکرێن بەڵام لە عێراق نافەرمین، شەش دەروازەش لە هەردوولا فەرمین. دووەمیان پرسی لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیە، سێیەمیشیان کە گەورەترین کێشەی لەسەرە، پرسی داهاتی گومرگییەکانی دەروازەکانە کە بدرێت بە کێ؟"

سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری ئەسیکۆدا دەڵێت:"لە کۆبوونەوەکاندا وەزیری دارایی عێراق سوور بوو لەسەر ئەوەی دەبێت 100%ـی داهاتی دەروازەکان بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتیی عێراق.

ئێمە وەک شاندی هەرێمی کوردستان دوو پێشنیازمان کرد؛ یان ئەوەتا کوردستان 100%ـی داهاتەکە وەردەگرێت و 50%ـی دەداتەوە بەغدا، یان هەر لەناو سیستەمی ئەسیکۆدا دوو هەژماری جیاواز بکرێنەوە. دواتر رێککەوتین کە هەردوو پێشنیازەکە وەک بڕگەی (ئەلف و با) بنووسرێن و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێن و لەوێ یەکلایبکرێنەوە".
 
سامی جەلال راشیگەیاند: "دوای ئەوەی لە بەغدا هاتینەوە، چەندین مانگ تێپەڕی و نووسراوەکەیان بۆ نەناردین، دوای هەوڵێکی زۆر کاتێک نووسراوەکەمان بەدەست گەیشت، بینیمان بڕگەی سێیەمیان گۆڕیوە و نووسیویانە دەبێت 100%ـی داهات بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی گشتی بەغدا. ئەمە گۆڕانکارییەکی شەخسی و سەرپێچییەکی یاساییە، چونکە بەبێ ئاگاداری ئێمە و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی ئابووری ئەو بڕگەیەیان دەستکاری کردووە."

بە وتەی سامی جەلال، "لە کۆبوونەوەی رابردوو باسمان کرد و وتمان ئەمە سەرپێچی یاساییە. سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازێکی نوێی هەبوو و وتی هەموو داهاتەکە بۆ خۆتان بێت، بەڵام لە بەرامبەردا هەمووی لە پشکی مووچە دەبڕین، ئێمە ئەمەمان بەتەواوەتی رەتکردەوە چونکە ئێمە داوای 50%ـی داهاتی دەروازەکانمان کردووە و دەبێت رەچاوی تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت."

سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات بۆ ماوەیەکی کاتی رێککەوتن لەسەر دابەشکردنی داهات بە رێژەی 50% بە 50% بکرێت تاوەکو ئەو کاتەی یاسای بودجەی عێراق جێبەجێ دەکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، کە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ئەم پرسە بۆ ماوەی هەفتەیەک دواخراوە.

ئەسیکۆدا سیستەمێکی ئەلیکترۆنیی جیهانییە بۆ بەڕێوەبردنی گومرگ و ئاسانکاریی بازرگانی، کە ئامانج لێی رێکخستنەوەی داهات، رێگری لە گەندەڵی و خێراکردنی مامەڵە بازرگانییەکانە لە دەروازە سنوورییەکاندا.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە