هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
49 جار خوێنراوەتەوە
هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەمریکا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و دەگاتە 38 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا بەرزبوونەوەیەکی خێرای تۆمارکردووە و لە خاڵی "سفر"ـەوە گەیشتووەتە 38 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەمەش عێراق بووەتە نۆیەمین گەورەترین وڵاتی دابینکەری نەوت بۆ ئەمریکا.
بەپێی نوێترین داتاکانی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکی، کەنەدا بە جیاوازییەکی زۆر لە پلەی یەکەمی لیستی وڵاتە هەناردەکارەکاندایە بە بڕی 4.011 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا. دوای ئەویش ڤەنزوێلا بە 598 هەزار بەرمیل لە پلەی دووەم و عەرەبستانی سعوودییە بە 379 هەزار بەرمیل لە پلەی سێیەمدا دێن.
لە ڕیزبەندییەکەدا دوای سێ وڵاتە سەرەکییەکە، مەکسیک پلەی چوارەمی گرتووە بە هەناردەکردنی 210 هەزار بەرمیل و بەڕازیلیش بە 137 هەزار بەرمیل لە پلەی پێنجەمدایە. دوای ئەوانیش هەریەک لە کۆڵۆمبیا (111 هەزار)، ئێکوادۆر (101 هەزار) و نەیجیریا (71 هەزار) لە پلەکانی شەشەم تاوەکو هەشتەم دێن.
ئەم گۆڕانکارییە خێرایە لە قەبارەی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە لە هەفتەی پێشتردا بڕی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەو وڵاتە سفر بووە. لە ئێستاشدا عێراق لە ڕیزبەندییەکەدا پێش لیبیا کەوتووە کە بە هەناردەکردنی تەنیا هەزار بەرمیل لە پلەی دەیەم و کۆتاییدایە.
|